تائێستا شوێنی هێرشەکە دوکەڵی لێ هەڵدەستێت

کارگەیەکی رۆنی ئۆتۆمبێل کرایە ئامانج و زیانی ملیۆنان دۆلاری بەرکەوت

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

زیاتر لە 24 کاتژمێر بەسەر هێرشە درۆنییەکەی سەر شاری هەولێر تێپەڕیوە، هێشتا دوکەڵ لە شوێنی رووداوەکە بەرز دەبێتەوە، هێرشەکە کراوەتە سەر کارگەی رۆنی “سەردار” کە کارگەیەکی مەدەنییە و مۆڵەتی فەرمی کارکردنی هەرێمی کوردستانی هەیە، بەهۆی هێرشەکەوە زیانی ملیۆنان دۆلاری بەرکەوتووە و بە تەواوی خاپوور بووە.

دیمەنەکان نیشانی دەدەن کە کارگەکە بە تەواوی وێران بووە و ئەو بەرمیل و کەرەستانەی رۆنی ئۆتۆمبێلیان تێدا هەڵگیراوە سووتاون، ئەم شوێنە هیچ بنکە و بارەگایەکی سەربازی لێ نییە و تەنیا کۆگایەکی سوتەمەنی و رۆنی کۆمپانیایەکی مەدەنییە، بە وتەی سەرچاوەکان، چەندین درۆنی ئاڕاستەکراو لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون کە بوونەتە هۆی تەختکردنی کارگەکە لەگەڵ زەوی.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە پێشتر چەندین جار بە هەمان شێواز کراوەتە ئامانج، بەڵام ئەمجارە زیانە داراییەکان زۆر گەورەن و شوێنەکەش بە تەواوی لە کار کەوتووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شوێنی رووداوەکە خەریکی لێکۆڵینەوەن.