ئەڵمانیا و ئەمریکا هاوکارن

لە سلێمانی ژاوەژاوی زەوی پێوانە دەکرێت

ژووری هەواڵ

لە سلێمانی ژاوەژاوی زەوی پێوانە دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی پارێزگاکە لەگەڵ زانکۆیەکی ئەڵمانی و کۆمپانیایەکی ئەمریکی، ئامێری تایبەتمەندیان هێناوە و رێژەی بەرگەگرتنی زەوی لە کاتی بوومەلەرزە دەپێون.

ئەمڕۆ سێشەممە 7.11.2023، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی رایگەیاند، ئاستی وەڵامدانەوەی زەوی سلێمانی بۆ بوومەلەرزە پێوانە دەکرێت، ئەو ناوچانە دیاریی دەکرێن، کە دەکەونە بەر کاریگەری بوومەلەرزە و زیاتر جێی مەترسین بۆ دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون.

“ئەم پرۆژەیە بە هاوكاری زانكۆی Bauhausی ئەڵمانی و كۆمپانیای EMRی ئەمریكی جێبەجێ دەكرێت، ئێستا رووپێوی بۆ 60 خاڵ لە شوێنی جیاواز كراوە”، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی وا دەڵێت.

ئامانج لەم پرۆژەیەدا پێدانی زانیاری زیاترە بە ئەندازیاران لەسەر رووی خاك و تایبەتمەندییەكانی لە كاتی روودانی بوومەلەرزەدا، بۆ سوودلێوەرگرتنی لە كاتی بنیاتنانی باڵەخانە و بیناكان لە ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری.

پێشتریش لە مانگی کانوونی یەکەمی 2022، لە سلێمانی بە ئامێری تایبەت رێژەی ژاوەژاو لە چەند شوێنێک پێوانە کرا، ئەمەی ئەم جارە قۆناغی دووەمە.