بالەی هه‌ولێر یه‌كه‌م شكستی ئەم وەرزەی خوارد

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ خولی نایابی باله‌ی عێراقدا، یانه‌ی هه‌ولێر یه‌كه‌م شكستی ئه‌م وه‌رزه‌ی دووچار بوو، كاتێك ئه‌مڕۆ به‌ یانه‌ی غازی جنووب دۆڕا.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27ـی كانوونی یه‌كه‌م له‌ هۆڵی یانه‌ی سناعه‌ له‌ به‌غدا، یانه‌ی هه‌ولێر له‌ گه‌ڕی چواره‌مدا دووچاری یه‌كه‌م شكستی بوو له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی باله‌ی عێراقدا، كاتێك به‌ ئه‌نجامی 1-3 گێم به‌ یانه‌ی غازی جنووب دۆڕا.

ئه‌نجامی گێمه‌كان بۆ یانه‌ی غازی جنووب (23-25) (25-17) (27-25) (25-21) بوو.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م شكستی یانه‌ی هه‌ولێر بوو له‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه‌دا، كه‌ ئێستا گردبوونه‌وه‌ی دووه‌می تیپه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

هه‌ولێر له‌ دوو یاریی رابردووی له‌ گردبوونه‌وه‌ی دووه‌مدا، بردنه‌وه‌ی به‌سه‌ر یانه‌كانی شنگال و حه‌دیسه‌ تۆمار كردووه‌، هه‌روه‌ها بڕیار بوو له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئه‌لقاسم له‌ گه‌ڕی سێیه‌مدا یاریی بكات، به‌ڵام یانه‌ی ئه‌لقاسم له‌ خوله‌كه‌ كێشایه‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كانی سڕانه‌وه‌.


یانه‌ی هه‌ولێر له‌ گردبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا، كه‌ له‌ ماوه‌ی 9 بۆ 12ی ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌سڕه‌ به‌ڕێوه‌چوو، لە پێشەنگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی یه‌كه‌مدا هات، دوای کۆکردنەوەی 20 خاڵ، توانیشی لە سەرجەم یارییەکاندا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
له‌ خولی نایابی باله‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی عێراقدا، 15 یانه‌ به‌شدارن، كه‌ به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌شكراون، كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م 8 یانه‌یه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م 7 یانه‌، به‌ڵام ئێستا دوای كشانه‌وه‌ی یانه‌ی ئه‌لقاسم، كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌میش بووه‌ 7 یانه‌.

یانه‌كانی هه‌ولێر، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و شنگال وه‌ك نوێنه‌ری كوردستان به‌شدارن.

به‌ پێی سیستمی خوله‌كه‌، له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌كی خوله‌كه‌دا چوار یانه‌ بۆ قۆناغی داهاتوو سه‌رده‌كه‌ون و دواتر خوله‌كه‌ به‌ به‌شداریی هه‌شت یانه‌، به‌ شێوازی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.