دوو شەمەندەفەر بەیەکیانداکێشاوە
رووداوی شەمەندەفەر بەرۆکی هیندستان بەرنادات
964+
ئەحمەد عەبدوڵا
ئێوارەی دوێنێ دوو شەمەندەفەر لە پارێزگای ئەندرا پرادیشی باشووری هیندستان بەیەکیانداکێشاوە و بەهۆیەوە 13 کەس گیانیانلەدەستداوە و نزیکەی 50 کەسیش بریندارن.
یەکێک لە شەمەندەفەرەکان بەهۆی شکانی پارچەیەکی بە ناچاری وەستاوە، شەمەندەفەری دووەم، لە دواوە خۆی پیاداکێشاوە.
لایەنە فەرمییەکانی هیندستان دەڵێن، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بێت رووداوەکە بەهۆی هەڵەیەکی کەسییەوە بووە.
سەدان ئەمبولانس و تیمی بەرگری شارستانی نێردراونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ دەرهێنانی تەرم و گواستنەوەی بریندارەکان.
لە مانگی شەشی ئەمساڵ شەمەندەفەرێکی گواستنەوەی هاوڵاتیان بە خێراییەکی زۆر خۆی کێشا بە دوو شەمەندەفەری دیکە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 280 کەس و برینداربوونی نزیکەی هەزار کەس.
تۆڕی بەیەکبەستراوی شەمەندەفەری هیندستان، چوارەم گەورەترین تۆڕە لە سەرتاسەری جیهان کە زیاتر لە 67 هەزار کیلۆمەتر درێژە، رۆژانە نزیکەی 13 ملیۆن کەس لە هیندستان شەمەندەفەر بەکاردەهێنن وەک هۆکاری گواستنەوەیان.