شوانکارە بوو
گەنجە ونبووەکەی قەزای شێخان بە خنکاوی دۆزرایەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
تەرمیی ئەو گەنجە شوانکارەی چەند رۆژێک بوو لە قەزای شێخان بێسەروشوێن بوو ئەمڕۆ بەخنکاوی دۆزرایەوە.
ئەو گەنجە بەڕەگەز عەرەبە و لە سنووری قەزای شێخان شوانی مەڕە و لە چوارشەممەی رابردووەوە بێشەروشێن بوو کەسیش سۆراغی نەدەزانی.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، تەرمی گەنجەکە لە ئاوی گوندی مغارا لە سنووری ناحیەی ئەتریش لە قەزای شێخان بە خنکاوی دۆزرایەوە.
عیزەدین سەیفەدین ئەو خاوەن مەڕ و ماڵات بووە و ئەو گەنجە لای ئەوان شوان بووە بە 964ـی وت، گەنجەکە تەمەنی 20 ساڵە و ناوی عەلی محەمەدە و خەڵکی بەعاجە چەند ساڵێکە لە سنوورەکەی ئەوان بە خێزانەوە کاری شوانی دەکەن، زۆر بە دوایدا گەڕاون نەیاندۆزیوەتەوە، بەڵام چەند هاوڵاتییەکی دهۆک هاتوونەتە ئەو ناوچەیە و تەرمەکەیان لەناو ئاودا دۆزیوەتەوە.
وتیشی، “گەنجەکە باری دەروونی باش نەبووە و رەنگە هەر ئەوەش هۆکار بووبێت کە چووبێتە ناو ئاوەکە و خنکابێت.
964 پەیوەندی بە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆکەوە کرد، ئەوان دەڵێن ئاگادار نەکراوینەتەوە لەسەر ئەم بابەتە تاوەکو ئیستا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای شێخان بە 964ی وت، تەرمی ئەو کەسە براوەتە پزیشکی دادی دهۆک دواتر رادەستی خێزانەکەی دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی