شارەزایەکی کشتوکاڵ بۆ سەرۆکی حکومەت: سێكته‌رى كشتوكاڵیش بە دەردی سێكته‌رى نه‌وت مەبەن

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

مامۆستایه‌كى زانكۆ و شارەزا لە سێکتەری کشتوکاڵ، پێشنیار بۆ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، كه‌ سێكته‌رى كشتوكاڵ به‌ده‌ردی سێكته‌رى نه‌وت نه‌بن و وایده‌بینێ كه‌ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و دوو سه‌كته‌ر جیاوازییه‌كی زۆرى هه‌یه‌.

پ.ی.د. رابەر فتاح ساڵح، مامۆستای کۆلێژی زانسته ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان له‌ زانکۆی سەلاحەدین، چه‌ند پێشنیارێك بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌خاته‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێ سێكته‌رى كشتوكاڵ له‌هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو بێت و روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ سێکتەری کشتوکاڵ زۆر جیاوازە لە سێکتەری دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت، بۆیە ده‌ڵێ “دەبێ پلان و بەرنامەی باشی بۆ دابڕێژرێت تا دووربین لە هەر ئەگەرێک کە کۆسپ و تەگەرە بخاتە بەردەم بوژانەوەی ئەو سێکتەرە”.

ناوبراو بۆ +964 ی روونكرده‌وه‌ كه‌، بەداخەوە تا رادەیەک سێکتەری نەوت له‌هه‌رێمی كوردستان شکستی پێهات، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان تا رادەیەک دوورخستنەوە و سودمەندنەبوونی هاوڵاتیان بوو، بۆیە ده‌ڵێ “لە سێکتەری کشتوکاڵدا نابێ ئەو هەڵەیە دووبارە بکرێتەوە ئەویش لە رێگەی بەشداریپێکردنی خاوەن زەوی و بەرهەمهێن و هاوڵاتیان بەگشتی مسۆگەر دەکرێ”.

ده‌شڵێ، ئومێدبەخشە كه‌ حکومەتی هەرێم گەیشتبێتە ئەو باوەڕەی کە کەرتی کشتوکاڵ ئەو دەرگایە بووە، دەبوو لە زووەوە واڵا بکرێ و به‌هۆیه‌وه‌ رێچکەی دروست بدۆزێتەوە بۆ پەیداکردنی سەرچاوەیەکی تری داهات، له‌هه‌رێمكی كوردستان.

حکومەتی هەرێم بڕیاریداوه‌ بەردەوام پاڵپشتی کەرتی کشتوکاڵ بكات و راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیدگایەکی تایبەتی بۆ کەرتی کشتوکاڵ هەیە و جگە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراك و پێداویستی ناوخۆیی، ئێستا کار بۆ هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە زیاتر لە پێویستی ناوخۆیی بەرهەمدێت دەکات و سیاسەتی پشتیوانیکردنی جوتیارانیش پەیڕەو دەکات.