داوایان لێکراوە بەڵێننامە پڕبکەنەوە

جوتیارەکانی ناحیەی سەرگەڕان ئازاد کران

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ژمارەیەک هەمەری سەربازی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، ویستویانە بەڵێنامە بە جوتیارانی کوردی ناحیەی سەرگەڕان پڕبکەنەوە کە چیتر کاری کشتوکاڵی لە گوندەکەیان نەکەن، بەڵام جوتیاران رەتیانکردوەتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە سوپای عیراق 22 جوتیاری کوردی سنوری ناحیەی سەرگەڕانیان دەستگیرکرد، دوای چەند کاتژمێرێک مانەوەیان لە بارەگای فرقەی هەشت لە ناوەندی قەزای دوبز ئازاد کران.

محەمەد ئیسماعیل نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان و یەکێک لەوانەی دەستگیرکرابوو بە 964ـی وت، “ئێمە جوتیارانی هەریەکە لە گوندەکانی شەناغە، پەڵکانە، سەربەشاخ، گابەڵەکە و خەرابە، ئێوارەی ئەمڕۆ چەند هەمەرێکی سەربازی دەوری گوندەکەیان گرت و پێیان وتین دەبێت بە ئۆتۆمبێڵی خۆمان بچین بۆ فیرقەی هەشت لە قەزای دوبز، بەڕێ کەوتین و هەمەرەکان لە پێشەوە و دواوەی ئۆتۆمبێڵەکانمان دەڕۆیشتن”.

نوێنەری ئەو جوتیارانە ئەوەشی وت، “ئامر فیرقە دەیویست بەڵێنامەمان پێ پڕبکاتەوە بۆ ئەوەی کشتوکاڵ نەکەین لە سەر زەوەیەکانی خۆمان، بەڵام ئێمە پێمان راگەیاند بەهیچ شێوەیەک بەڵێنامە پڕناکەینەوە و هەروەها بەردەوام دەبین لە کاری خۆمان، هەستی کرد هیچ سودی نیە، دوای مانەوەمان بۆ چەند کاتژمێرێک ئازاد کراین.

بەوتەی محەمەد ئیسماعیل، فەرماندەی ئەو فیرقەیە بە توندی لەگەڵیان جوڵاوەتەوە.

ناحیەی سەرگەڕان سەر بە قەزای دوبزە لە پارێزگای کەرکوک، چەند ساڵێکە دانیشتوانی کوردی ناحیەکە و عەرەبە هاوردەکانی ئەو ناحیەیە کێشەیان لەسەر کشتوکاڵ و تۆکردنی زەویەکان هەیە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

کەرکوک.. سوپای عێراق 12 جوتیاری کوردی دەستگیر کرد

کەرکوک.. سوپای عێراق 12 جوتیاری کوردی دەستگیر کرد