باس لە موچە دەکات

بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان: کورتهێنان لە داهاتی ناوخۆدا هەیە

964+

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان روونکردنەوەیەکی لەسەر داهات و خەرجییەکانی حکومەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داهاتی كۆتایی مانگانەی حکومەتی هەرێم 170 ملیار دینارە و بۆ موچە و خەرجییەكانی حكومەت خەرج دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 23.10.2023، وەزارەتی دارایی هەرێم لە زاری مەولود سابیر، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانەوە هەندێک داتا و زانیاری لە بارەی خەرجی و داهاتی حکومەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی کەمی سیولە و کاش لە بانکەکان کورتهێنان لە داهاتی ناوخۆ بۆ موچە دروست بووە.

لە هەردوو مانگی حوزەیران و تەموزدا، 535 ملیار دینار کورتهێنان هەبووە و بە داهاتی ناوخۆی مانگەکانی حەوت، هەشت و نۆ پڕکراوەتەوە.

“خەرجی بەکاربردن کە مانگانە نزیکەی 110 ملیار دینارە و خەرجی بەرهەمهێنانی کارەباش مانگانە زیاتر لە 110 ملیار دینارە، کە هەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت، ئەوە سەرەڕای دابەزینی بەردەوامی داهاتی ناوخۆی سنووری پارێزگای سلێمانی، کە بەردەوام گرفتی بۆ دابەشکردنی موچە دروست کردووە”، مەولود سابیر وا دەڵێت.

بانکە بازرگانییەکانی هەرێم کەم دەکرێنەوە

بانکە بازرگانییەکانی هەرێم کەم دەکرێنەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ موچە مانگانە پێویستی بە 940 ملیار دینار هەیە، ئەوە جگە لە پێشینەی مانگانەی وەزارەتەكان و خەرجییەكانی حكومەت.

بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان راشیگەیاند، “بە هەڵە لێكدانەوەیەك لە بابەتی ئەژماركردن و لێكدانەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو داهات بە نەقدی نییە تا بۆ موچە تەرخان بكرێت”.