قسەی پەڕلەمانتارێکە

رۆتینات دوو ملیۆن منداڵی لە سیستەمی بەشەخۆراک بێبەش کردووە

ئەحمەد مستەفا

پەڕلەمانتارێک، پرسی ناوتۆمارنەکردنی دوو ملیۆن منداڵانی خوار تەمەن 12ی ساڵانی جوڵاندووە و دەڵێ، وەزارەتی بازرانی کەمتەرخەمە و ناوەکانی لەنێو سیستمی بەشەخۆراکی حکومی جێگیر نەکردووە.

زۆرینەی ئەو منداڵانە لە دوای ساڵی 2020 لە دایک بوون.

ئیبتسام هیلالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، لە تەواوی عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ لە ئێستادا لە سیستەمی بەشەخۆراکی حکومی بێبەشن و هێشتا وەک پێویست لە وەزارەتی بازرگانی تۆمار نەکراون.

ئەو هۆکارەکەی بۆ ئاستەنگە کارگێڕییەکان، رۆتیناتی زۆر و وەستانی بەشێک لە بنکەکانی بەشەخۆراک لە وەرگرتنی داواکارییەکان، لە سیستەمەکەدا تۆمار نەکراون دەگەڕێنێتەوە.

بە قسەی ئەو پەڕلەمانتارە، پەرلەمانی عێراق پلانی هەیە لە وەرزی یاسادانانی داهاتوودا بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی بانگهێشت بکات بۆ لێپرسینەوە لەسەر ئەم کەیسە، لەگەڵ تاوتوێکردنی کێشەکانی تایبەت بە گواستنەوە و جیاکردنەوەی فۆڕمی بەشەخۆراک بۆ خێزانەکان.

سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە کە بە فۆڕمی خۆراک یان پسووڵەی خۆراکیش دەناسرێت سیستەمێکی حکومییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە تێیدا مانگانە ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان (وەک ئارد، برنج، شەکر و زەیت) بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت.