رەغد سەدام حسێن. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
بانگەشەی بۆ حزبی بەعس کردووە
رەغد سەدام حسێن بە حەوت ساڵ زیندانیكردن سزادرا
هاوبەش ئەبوبەکر
بە تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ بیروباوەڕی حزبی بەعس، دادگا سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی سەپاند بەسەر رەغد سەدام حسێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22.10.2023، دادگای تاوانەكانی كەرخی شاری بەغدا رایگەیاند، رەغد سەدام حوسێن لە چەند تۆمارێکی ڤیدیۆیی و چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لە ساڵی 2021 بانگەشەی میدیایی بۆ چالاكییەكانی حزبی بەعسی قەدەغەكراو کردووە، ئەو تۆمەتەی بەسەردا ساغبووەتەوە و سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە.
ئەو یاسایەی کە دادگاکە لە بڕیارەکەیدا بەکاریهێناوە، یاسای قەدەغەكردنی حزبی بەعس و قەوارە و پارت و چالاكی و بیركردنەوە تیرۆریستییەكانە و رەغد سەدام حسێن، كچی سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی لەناوچووی بەعس، بەغیابی سزاکەی بەسەردا سەپێنراوە.
لە رێکەوتی 30.12.2021، رەغد، لە ساڵیادی لەسێدارەدانی باوکیدا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و بە شان و باڵی سەدام حسێندا هەڵیدا و بە “شەهید” ناوی برد. وتیشی، “[باوکم] رەتیکردەوە عێراق بەجێبهێڵیت و شەهیدبوونی هەڵبژارد”.
رەغد لەو ڤیدیۆیەدا ئاڵایەکی سەردەمی بەعسیشی لەسەر سنگی خۆی دابوو و وێنەیەکی گەورەی سەدام حسێنی لە دیوارەکەی پشتی هەڵواسیبوو.
رەغد سەدام حسێن، كچی یەكەم و گەورەی سەدام حسێنە، تەمەنی 55 ساڵە و لە ساڵی 1995 لەگەڵ حسێن كامیلی هاوسەری بەرەو ئوردن هەڵاتن دوای ئەو ماوەیە لێخۆشبوونی بۆ دەرکرا و گەڕایەوە عێراق و دوای 2003 جارێکی دیکە گەڕایەوە ئوردن.