لەو شارە 318 کەس دادەمەزرێندرێن
گرفت بۆ بەشێک لە دەرچووانی خانەقین دروستبووە
964+
راژان باجەلان- خانەقین
لە خانەقین 318 کەس وەک بەرکەوتی دامەزراندنی شارەکە، لەسەر بودجەی ساڵی 2023 دادەمەزرێندرێن، بەڵام بەشێک لە دەرچووەکان لە زانکۆی گەرمیان خوێندویانەوە و زانکۆکەیان مۆڵەتی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی نییە.
بودجەی 2023ی عێراق، کە زیاتر لە 150هەزار پلەی وەزیفی لە خۆ گرتووە و بەپێی چڕی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکان دابەشدەکرێت و پارێزگای دیالەش لەم ژمارەیە حەوت هەزار و 484 پلەی بەردەکەوێت و خانەقینیش بە دیاریکراوی 318 پلەی پێدراوە.
سەدان کەس لە دانیشتوانی شاری خانەقین دەرچووی زانکۆی گەرمیانن و بەهۆی کێشەی باوەڕپێنەکردن بە زانکۆی گەرمیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراق، ناتوانن بە بڕوانامەی بەکالۆریۆس فۆرم پڕبکەنەوە، چونکە داواکەیان رەتدەکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 21.10.2023، محەمەد یوسف یەکێک لە دەرچووانی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی خانەقینە سەر بە زانکۆی گەرمیان بە 964ی وت، “ماوی شەش ساڵە کۆلێژم تەواو کردووە بە پلەی یەکەم و خاوەن بڕوانامەی دبلۆمیشم لە هەمان بوار، چەندین ساڵە چاوەڕێی دامەزراندن دەکەم و ئێستاش کە دێت بۆم نیە فۆرم پڕبکەمەوە چونکە دان بە زانکۆکەم نەنراوە”.
بڕیارێکی ئەمریکا دروستکردنی چوار قوتابخانەی لە خانەقین راگرتووە
بەوتەی ئەو دەرچووە دانەمەزراوە بێت، سەدان دەرچووی خانەقین کە لە هەمان کۆلێژەکانی سەر بە زانکۆی گەرمیان خوێندویانە، هەمان چارەنوسی ئەویان دەبێت، لە بارەی دانپێدانەنانی بڕوانامەکەیانەوە ئەوەشی وت، “کاتێک پرسیویانە هۆکارەکەیان بۆ کۆمەڵێک مەرجی ئیداری گەڕاندۆتەوە، و لەسەر نوسراوی داواکاری دامەزراندنیش دەنوسرێ بە بیانوی نەبوونی مۆڵەت داواکارییەکە قبوڵنەکراوە”.
ئەوە لە کاتێکدایە، پارێزگاری دیالە لە رێگەی پەیجە فەرمییەکانی حکومەتی خۆجێییەوە، ئاگاداری سەرجەم دەرچوانی کردەوە کە لە 1.11.2023 فۆرمەکە بە شێوەی ئۆنڵاین دەکرێتەوە و خوازیاران دەتوانن پێشکەشی بکەن، کە رێژەی 75% واتا پێنج هەزار و613 کەسیان بۆ دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگاکان دەبێت و 25% واتا یەک هەزار و 871 کەسیان بۆ دەرچووانی ئامادەیی و بنەڕەتی دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا