چاوەڕێی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بوون
ئامادەکارییەکانی دانانی بەردی بناغەی پردی توەقوت هەڵوەشایەوە
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
یەک مانگ بوو، ئامادەکاری دەکرا بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی پردی توەقوت لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ ئامادەکارییەکان هەڵگیران، جێگری پارێزگاری ئەو شارەش لە کۆمپانیاکەوە زانیویەتی، ێناچێت بەم زووانە بەردی بناغەی پرۆژەکە دابنرێ.
درێژی پردەکە 250 مەترە، کە درێژی گەیشتن بە رێگاکەی 27 کیلۆمەترە، 30 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و بە تەواوبوونی پرۆژەکە راستەوخۆ پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە و دەبێتە ناوەندێکی بازرگانی بۆ ناوچەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.10.2023، کاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە 964ی وت، “بڕیار بوو لە مانگی رابردوودا بە ئامادەبونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی پرۆژەکە دابنرێت، بەڵام زیاتر لە مانگێکە هەموو ئەو پێداویستی و کەلوپەلانە لەوێ ئامادەکرابوون”.
ئەو ئامادەکارییە بە ئامانجی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە بوو، بە وتەی کاوە عەلی بێت، “کەچی ئەمڕۆ ئەو مێز و جێگای دانیشتن و بابەتە پڕۆتۆکۆڵییانەی دانرابوون بۆ مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە، لەلایەن کۆمپانیای ئامادەکارەوە هەڵگیراون”.
لە بارەی هۆکاری هەڵگرتنی ئامادەکارییەکان، کاوە عەلی دەڵێت، بە فەرمی نازانین هۆکاری دواخستن وهەڵگرتنی ئامادەکارییەکان چین، “بەڵام کە پرسیارمان لە کۆمپانیای ئامادەکار کرد، پێیان راگەیاندین کە سەرۆکی کۆمپانیاکە کارمەندەکانی راسپاردووە ئامادەکارییەکان هەڵگرن و وتویەتی پێناچێت بەم نزیکانە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانن سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بکەن”.
لە هەڵەبجە.. بە دوو کابینەی حکومەت پردێکیان تەواو نەکردووە
پردی توەقوت، کە لە کابینەی هەشتەم بڕیاری دروستکردنی دراوە، خەریکە کابینەی نۆیەم تەواو دەبێت و هێشتا پردەکە تەواو نەبووە، رۆژی 17.12.2022، مەریوان مەلا حەسەن وتەبێژی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای سلێمانی بە 964ی وت، “حەوت مانگە تەندەری تەواوبووە، بەڵام دەست نەکراوە بە جێبەجێکردنی”.
ئەوکات ئاماژەی بەوەش کردبوو، پردی توەقوت پرۆژەیەکی گرنگە، دەبوو زووتر جێبەجێ بکرایە، بەڵام بەهۆی گۆڕینی دەرخستەکەیەوە، کە هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بوو، نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا