ئۆتۆمبێل نا.. دەرگای فول مواسەفات بۆ خانووەکانتان ببەستن

964+

زید کۆچەر

گەنجێکی ئاسنگەر، لە ناحیەی کەلەکچی داهێنانێکی نوێ لە دەرگای ماڵان دەکات کە تایبەتمەندی ئەوەی هەیە بە کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوەو ئاگادارکەرەوەی ئەوەشی هەیە دز ئاشکرا بکات.

ئەو دەرگایە، لەگەڵ ئەوەی بە کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوەو دادەخرێت، کەچی پێویستی بە تەزووی کارەبا نیە بۆ ئیش پێکردنی.

نوح سەعدوڵڵا، ئەو گەنجە ئاسنگەرەی ناحیەی کەلەکچی سەر بە قەزای شێخانە لە پارێزگای دهۆک، کاری ئاسنگەری دەکات، قسەی بۆ 964+ لەسەر دروستکردنی دەرگایەکەو دەڵێ؛ جگە لەوەی بە کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوەو دادەخرێت، ئەوا لەکاتی کردنەوەیدا دەنگی قورئانی پیرۆزم لەسەر داناوە وەک پێشوازی لە میوانان.

کەلەکچی، دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای دهۆک و ٧٩ کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای دهۆک دوورە، سالی ٢٠١٤ کراوەتە ناحیەو ژمارەی دانیشتووانیشی نزیکەی پەنجا هەزار کەس دەبێت.

زیاتر وتی “یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندی دەرگایەکە ئەوەیە کە ئەگەر دز بێتە ماڵەکەت لەگەڵ دەستلێدان لە دەرگایەکە ئەوا دەنگێکی بەرز دروستدەکات وەک ئاماژەیەک، دەنگەکەش لەگەڵ چەندبارە بوونەوەی گەورەتر دەبێت”.

نوح، ئەو گەنجەی دەرگایەکەی دروستکردووە، پێشتر ئاسنگەری ئۆتۆمبێل بووە، ئەو کەرەستانەشی بەکاری هێناوە لە دروستکردنی هەر هی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلە.

دەرگایەکە، وەک هەر دەرگایەکی دیکە لە ئاسن دروستکراوە، بۆ کۆنتڕۆڵەکەشی سوود بینراوە لە کۆنترۆڵی ماتۆڕسکیل و چەند نەخشەیەکی ئەلیکترۆنی و ئامێری قفل و کیلۆن.