"تاوانی جەنگە"
هیومان رایتس وۆچ: ئیسڕائیل چەکی فسفۆڕیی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە
964+
پێشەوا محەمەد
رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، ئیسڕائیل بە بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕیی قەدەغەکرا و تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بەکارهێنانی ئەو چەکە لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی دەبێت، بەڵام ئیسڕائیل رەتی دەکاتەوە.
رێکخراوەکە دوێنێ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، لە رۆژانی 10 و 11ـی ئەم مانگەدا ئیسڕائیل لە غەزە و لە سنوورەکانی لوبنان ئەو چەکەی بەکارهێناوە.
بەپێی پەیماننامەی چەکی ساڵی 1980، بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕیی دەبێتە تاوانی جەنگ.
رێکخراوی مافی مرۆڤ دەشڵێت، “لە رێگەی چەندان گرتەی ڤیدیۆییەوە دڵنیابوونەتەوە، کە ئیسڕائیل ئەو چەکەی بەکارهێناوە”.
لە بەرامبەردا سوپای ئیسڕائیل لە راگەیاندراوێکدا بێئاگایی خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو چەکە قەدەغەکراوە لە غەزە راگەیاند.
فسفۆڕی سپی لە رێگەی بۆمبێکەوە دەتەقێندرێت، دواتر بە هەوادا بڵاودەبێتەوە و کاتێک دەکەوێتە سەر جەستەی مرۆڤ سووتانی ناوەکی دروست دەکات و دەبێتە هۆی برینی سەخت و بەردەوامی سووتاوی لە بەرکەوتووەکاندا.
بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، زیانەکانی فسفۆڕەکە بۆ سەر ژینگەی کشتوکاڵیش سووتێنەرە و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەرچاوە ئاوییەکان.
ماوەی حەوت رۆژە جەنگی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین بەردەوامە و بەپێی راگەیەندراوەکانی خۆیان بێت، فەڵەستین هەزار و 500 کەس و ئیسڕائیلیش هەزار و 300 کەسیان لێ کوژراوە و بە هەردولاشیان زیاتر لە 10 هەزار کەس بریندارن.