مەرجەکانی سەلامەتی چین؟

لە هەولێر دوو هۆڵی ئاهەنگگێڕان داخران چونکە مەرجی سەلامەتیان نەبوو

964+

فەهمی نەبی

تیمێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، دەستیان بە پشکنینی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان کردووە و دەیانەوێت رێگری بکەن لە دووبارە بوونەوەی ئەو کارەساتەی لە حەمدانیە روویدا، ئەمڕۆ دوو هۆڵیان داخستووە تا مەرجی سەلامەتی جێبەجێدەکەن.

بەپێی هەواڵێک کە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، تیمێک وەزارەتی ناوخۆ پشکنینیان بۆ هەریەکە لە کارەبا، سیستمی ئاگرکوژێنەوە و ئەو رووپۆشانە کردووە کە لە ناوەوەی هۆڵەکانی هەن.

مقەدەم کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ 964 وتی، دەستەی گەشتوگوزار ناوی 38 هۆڵی ئاهەنگگێڕانیان پێداوین، ئەمڕۆ یەکشەممە چوار هۆڵ پشکنینیان بۆ کراوە، دووانیان مەرجی سەلامەتیان تێدا نەبووە و داخراون تا رێنماییەکان جێبەجێدەکەن.

بەوتەی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، مەرجەکانی سەلامەتی بریتین لەوەی، هەر هۆڵێک دەبێت زیاتر لە دەرگایەکی هەبێت، هەر دەرگایەک نابێت بەرزیەکەی لە دوو مەتر و پانیەکەی لە دوو مەتر کەمتر نەبێت، بۆ ئەوەی لەماوەی 60 چرکە 45 کەس بگاتە زۆنی سەلامەت، پێویستە سەقفی هۆڵەکە بەجۆرێک بێت بەزوویی ئاگر نەگرێت و سیستمی ئاگر کوژێنەوەی نوێی هەبێت.

شەوی 26.9.2023 هۆڵێکی حەمدانییە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری گڕی گرت و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیانلەدەستدا و بەو هۆیەشەوە ماوەی سێ رۆژ لە عێراق و هەرێم ماتەمینیی گشتی راگەیەندرا.

ژمارەی گیانلەدەستدانی رووداوەکەی حەمدانیە زیادیکرد

ژمارەی گیانلەدەستدانی رووداوەکەی حەمدانیە زیادیکرد