پارێزەری ئیسرائیل بوو
گومەزی ئاسنین بۆ شکستی هێنا؟
964+
ژوری هەواڵ
شار شڵەقاوە.. دەنگی زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە لە هەموو شوێنکەوە دێت.. گرمەی موشەک ترس دەخاتە دڵی خەڵکییەوە، فڕۆکەخانەو قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان لە کار دەکەون.
ئەمە ئەو سیناریۆیانهیه، کە ئیسرائیلییەکان لەگەڵی ئاشنان، هەموو جارێکیش ئەو پرسیارە دووبارە دەبێتەوە: بۆچی گەورەترین و گرانترین سیستمی مووشەکی لە جیهاندا ناتوانێت بەرپەرچی مووشەکە دەستکردەکانی فەڵەستینییەکان بداتەوە.
سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئایرۆن دۆم، لە ساڵی 2007 دەست بە دروستکردنی کرا و لە ساڵی 2011 بە تەواوی جێگیر و ئامادە کرا، بۆ پاراستنی ئاسمانی ئیسرائیل، ئەم سیستمە کە بە (گومەزی ئاسنین) ناسراوە، ئیسرائیلییەکان دەڵێن بە رێژەی %96 دەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع دەبینرێت شتێکی دیكهیە.
سەرلەبەیانی 7ی ئۆکتۆبەر دەیان مووشەک لە شار و شارۆچکە نزیکەکانی هاوسنووری غەزە کەوتنە خوارەوە و سیستمەکەی ئیسرائیل نەیتوانی رێیان لێ بگرێت.
بە کورتی سیستمەکەی ئیسرائیل بەم شێوەیە کاردەکات:
سیستمەکە لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەمی رادارەکەیەتی کە لە ماوەی کەمتر لە 90 چرکە شوێنی مووشەکەکە ئاشکرا دەکات، بەشی دووەمی ژووری کۆنترۆڵی سیستمهکەیە، کە رێژەی مەترسی و شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە ئاشکرا دەکات، بەشی سێیەمی هەڵدانی مووشەکێکی بەرگرییە و بەرپەچدانەوەی مووشەکە ئاراستە کراوەکەیە.
ئێستا هێزە فەڵەستینییەکان شێوازێکی تایبەتی بەکاردەهێنن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو سیستمەدا، ئەو هێزانە لە یەک کاتدا هەزاران موشەک ئاراستەی خاکی ئیسرائیل دەکەن، ژمارەیان ئەوەندە زۆرە کە سیستمەکە فریای هەموویان ناکەوێت و چەند دانەیەکیان لێ دەکەوێتە خوارەوە.
فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازی حەماس رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمجارەیان کە ناوی ”تۆفانی ئەقسا”ی لێنراوە، لە 20 خولەکی یەکەمی هێرشەکەدا پێنج هەزار موشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کراون.
ئەم ژمارە زۆرەش سیستمەکەی ئیسرائیل بێ چارە دەکات.
سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئایرۆن دۆم، دروستکراوی ئەمریکا و ئیسرائیلە، نرخی یەک دانەی 150 ملیۆن دۆلارە، هەر مووشەکێکی بەرگری کە دەیتەقێنێت، تێچووەکەی 50 هەزار دۆلارە، کەچی بەم توانا و تێچوونە زۆرەوە دەستەوەستانە لە بەرامبەر مووشەکی فەڵەستینییەکان، کە زۆربەیان دەستکردن و بە چەند هەزار دۆلارێک دروست دەکرێن.