مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر چێشتی لێناوە

+964

ئاسۆ وەرتی – سۆران

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات مرۆڤی جۆری نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەری پارێزگای هەولێر، بەر لە ٧٥ هەزار ساڵ ئاگردانی بۆ چێشتلێنان بەکارهێناوە.

ئەمڕۆ ٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، عبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوبەری شوێنەواری سۆران، بە  +964ی وت، “لە حوزەیرانی ئەمساڵ، تیمێکی زانکۆی لیڤەرپولی بەریتانی بە سەرپەرشتی گرایم بارکەر، توێژنەوەیەکی نوێیان لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ئەنجامداوە، نمونەی لێوەرگیراوی پارچە شوینەوارییەکان براونەتە زانکۆی لیڤەرپول، لە ئەنجام دەرکەوتووە مرۆڤی جۆری نیاندەرتال ٧٥ هەزار ساڵ  بەرلە ئێستا  خۆراکی دروست کردوە و ئاگردانی بەکارهێناوە”.

ئەم هەوڵە لەکاتێکدایە سەرچاوە پێشینەکانی لێکۆڵینەوەی ژیانی نیاندرتاڵەکان، ئاماژەی بەوە کردبوو کە مرۆڤی جۆری نیاندەرتال بە تەنیا گۆشتی وەک سەرچاوەی خۆراکی رۆژانەی بەکارهێناوە.

ئە‌شکە‌وتی شانەدەر، دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسور لە پارێزگای هەولێر، ئەشکەوتەکە ٢٢٠٠ پێ لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، لە ساڵی ‌‌‌١٩٥١ بۆ ١٩٦١ ھەڵکۆڵینی سەرەتایی تێیدا ئەنجامدراوە.

سەرچاوە مێژووییەکان تەمەنی ئەم ئەشکەوتە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بەردینی کۆنی هەشت هەزار ساڵ بەر لە زایین، لە هەمان کاتدا لەسەر ئاستی عێراق بە کۆنترین و گەورەترین ئەشکەوت دادەنرێت.