نەخۆشخانەی ئاشتی لە قەزای سۆران. وێنە:ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
دوای 7 سەعات مانەوە لە ژووری نەشتەرگەری
بۆ یەکەمجارە نەشتەرگەری چاندنی گوێچکە لە سۆران ئەنجامدەدرێت
964+
ئاسۆ فەیسەڵ – سۆران
بۆ یەکەمجارە لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری لە سۆران، نەشتەرگەری چاندنی گوێچکە ئەنجام دەدرێت، پارچەیە له پەراسوی نەخۆشەکە بڕدراوە و بەرێکاری نەخشاندنی هونەری خراوەتە شوێنی گوێچکەی.
ئەو کچەی نەشتەرگەرییەکەی بۆکراوە تەمەنی 12 ساڵان بووە، دانیشتووی ناحیەی سرێشمەی سەر بە قەزای خەلیفانە.
بەگوێرەی وتەی دکتۆری نەشتەرگەریەکە، ئەو منداڵە لە زکماکەوە گوێچکەی نەبووە.
د.کازم کاکەوەیس پزیشکی پسپۆری جوانکاری بە 964ـی وت”زۆر دڵخۆشم دوایی زیاتر لە حەوت کاتژمێر سوپاس بۆخودا نەشتەرگەریەکە سەرکەوتوو بوو، دەمەوێت خزمەتی مرۆڤایەتی بکەم سوپاسی ستافی نەخۆشخانەی ئاشی دەکەم بە هەموو شێوەیەک هاوکارم بوون”.
ئەو پزیشکە دەڵێت، “لەمەوبەدوا هاوڵاتیانی ئیدارەی سۆران هەر گرفتێکی هاوشێوەیان هەبێت دەتوانن لێرە نەشتەرگەریان بۆبکەین، چیتر پێوستیان بە دەرەوەی سۆران نییە.
بەوتەی بەرپرسانی پزیشکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، یەکەمجارە لە ئیدارەی سۆران نەشتەرگەری چاندنی گوێچکە ئەنجام بدرێت، پێشتر هەمان دکتۆر نەشتەرگەری چاندنی لوتی ئەنجامداوە.