یاری ئاگرین.. شایی کرد بە شین
لە ئاهەنگەکەی موسڵ سەدان ئامادەبوو گیانیان لە دەستدا و بریندار بوون
964+
ژووری هەواڵ
لە یەکێک لە هۆڵەکانی قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا، یاری ئاگرین شایی بوک و زاوایەکی کرد بە شین، هۆڵی ئاهەنگگێڕان ئاگری گرت، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و بریندارەکان زیاتر لە 200 کەسن.
رووداوەکە کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە روویدا، ئاهەنگەکە بۆ پێکهێنانی هاوژینی حەنین ریاز و ئیرڤان ئیشۆ بوو، ئەوانەی بەشداری مەراسیمەکە بوون، دەگێڕنەوە کە یەک هەزار و 200 کەس لەو ئاهەنگەدا ئامادەبوون.
بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، لە کاتی سەمای بوک و زاوا یاریی ئاگرین هەڵدەدێت و ئاگرێکی گەورە لە هۆڵەکەدا دروست دەبێت، بەرگری شارستانی عێراق، لە بارەی رووداوەکەوە دەڵێت، بۆمان دەرکەوت هۆڵەکە ئاگرکوژێنەوە و سیستمی سەلامەتی تیا نییە و لە ئەلیکۆبۆنی خێرا گڕگرتوو دروست کراوە، بەهۆی خراپی بنیادنانەوە بەشێکی هۆڵەکە رووخاوە.
زانیارییە سەرەتاییەکان دەڵێن، بە هۆی یاری ئاگرینەوە رووداوەکە دروست بووە، ئەلیکۆبۆن و پلاستیکەکە گازێکی ژەهراوییان دروستکردووە، بەو هۆیەوە ژمارەی قوربانییەکان زۆر بوون.
بەشێکی بریندارەکانی رووداوەکە، گەیەندراونەتە هەولێر، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان تیمی بۆ بەهاناوەچوونی گیان لەدەستدان و بریندارەکان ناردووە، کە بەشێکیان بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون.