"بەتاسە و کامێرا چارەی دەکەین"

دانیشتووانی دەورووبەری شەقامی فیدڕاڵی بێزاربوون بەدەست تیژڕەوی ئۆتۆمبێلەکان

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

دانیشتووانی دەورووبەری شەقامی فیدڕاڵی لە کۆیە بێزاربوون لە تیژڕەوی ئۆتۆمبێلەکان و هاتوچۆی کۆیەش دەڵێ، بە کامێرا و تاسەی کۆنکرێتی چارەسەری دەکەن.

بەشێک لە دانیشتووانی سەر دووسایدی فیدڕاڵی بە 964ـیان وت، “ئۆتۆمبێلەکانی سەر ئەم شەقامە ئەوەندە خێران، نەک ناوێرین لە شەقامەکە بپەڕینەوە، بەڵکو ترسمان هەیە کتوپڕ خۆیان بکەن بەناو ماڵ و دوکانەکانیشماندا”.

دەشڵێن، بە تایبەت لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تا درەنگانی شەو قەرەباڵغی سەر شەقامەکە زیاترە و هەندێک جار شەوان درەنگ پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلیشی لێدەکرێت.

سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ سەنگەر سەڵاحەدین بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە کرد، ئەو دەڵێت، “هەر لەگەڵ کردنەوەی شەقامەکە، هاتوچۆی هەولێرمان لەم کێشەیە ئاگادار کردۆتەوە و تیمەکانیان سەردانی شەقامەکەیان کردووە، بڕیارە هەم تاسەی کۆنکرێتی تێدا دروست بکەین و هەم کامێرای جێگیریشی لێ دابنرێت”.

“لەسەر ڕێگای تەقتەق تا نزیک مزگەوتی خێرخوازان و بە هەردوو سایدی شەقامەکە پێنچ کامێرای جێگیر دادەنرێت و لەوێشەوە تا کۆتایی شەقامەکە تاسەی کۆنکرێتی دروستدەکرێت”، سەنگەر سەڵاحەدین وای وت.

باسی لەوەشکرد، دانانی تاسەی کۆنکرێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەقامەکە لەو شوێنانە دا یوتێرنی زۆر تێدایە و بۆ کامێرای جێگیری هاتوچۆ گونجاو نییە، بۆیە دەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خێرایی، تاسەی کۆنکرێتی دابنرێت، لەئێستاشدا بابەتەکە لای شارەوانی کۆیەیە کە تاسەکان دروست بکەن.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە لەسەرەتای کردنەوەی شەقامەکە لە مانگی 10ـی ساڵی 2025ـەوە تا ئێستا حەوت رووداوی هاتوچۆ لەسەر ئەو شەقامە روویانداوە و لە ئەنجامدا 6 کەس بریندار بوون.

دوو سایدی شەقامی فیدڕاڵی لە کۆیە درێژیەکەی 6 کیلۆمەترە و هەر سایدێکی شەقامەکە سێ ئاڕاستەیە، خێرایی دیاریکراو لەو شەقامە 60 کیلۆمەترە، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری هاتوچۆی بارهەڵگرەکانی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی لە کۆیە و بە دیاریکراویش لەسەر ئەو شەقامەیە، بەردەوام قەرەباڵغە و پابەندنەبوونیش بە خێرایی دیاریکراو، دانیشتووانی نزیک شەقامەکەی نیگەران کردووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری