جارێ مەچۆ بۆ مۆزەخانەی سلێمانی نۆژەن دەکرێتەوە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

مۆزەخانەی سلێمانی نۆژەن دەکرێتەوە و بە رووی گەشتیاراندا تا کاتی تەواوبوونی داخراوە.

لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە و بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەش وادەی تەواوبوونی نازانێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24.9.2023، نیان ناسڕ، لێپرسراوی مۆزەخانەی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، کاری نۆژەنکردنەوەکە گۆڕینی گڵۆپ و سپلێتەکان دەگرێتەوە و بیناکەش بۆیاخ دەکرێتەوە، لەگەڵ چاککردنەوەی دیوارێکی مۆزەخانەکە کە پێشتر روخابوو.

وتیشی، “تا تەواوبونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە کەس ناتوانێت سەردانی مۆزەخانەکە بکات”.

مۆزەخانەی سلێمانی بۆ یه‌كه‌مجار لە رێکەوتی 14.7.1961 لەسەر دەستی رەفیق فەتحوڵا له‌ باڵه‌خانه‌یه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی عه‌قاری دامەزراوە، دواتر لە ساڵی 1979 گواستوویانەتەوە بۆ ئەو باڵه‌خانه‌یەی ئێستا تێیدان و نزیکەی 60 هەزار پارچە شوێنەواری تێدایە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر