عێراق سەدا 2ی کارەباکەی خۆی لە هەرێمەوە بەدەست دەهێنێت
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە کێڵگەی خورمەڵە، وێستگەیەکی کارەبا هەیە کە هی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە لایەن حکومەتی فیدراڵیەوە سووتەمەنی بۆ دابیندەکرێت و لە بەرانبەردا، 400 مێگاوات کارەبای لێدەبات بۆ خۆی.
ئەوە دەکاتە سەدا 2ی کۆی ئەو 21 هەزار مێگاوات کارەبایەی حکومەتی عێراق بەرهەمی دەهێنێت.
هۆکاری ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو وێستگەیە بەکارناهێنێت ئەوەیە کە سوتەمەنی بۆ دابین ناکرێت، چەندین وێستگەی دیکەش هەن کە بە هەمان هۆکار سودیان لێ نابیندرێت.
بە قسەی وەزارەتی کارەبای هەرێم، ژێرخان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی حەوت هەزار مێگاوات کارەبا، بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی پێویست، تەنیا سێ هەزار و 600 مێگاواتی لێ بەرهەم دەهێندرێت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە 964+ی وت، ئەو وێستگەیەی خورمەڵە لە لایەن کەرتی تایبەت و لە ساڵی 2016 دروستکراوە، “بەڵام دواتر نە پارەمان بە دەستەوە ما و سوتەمەنیمان هەبوو تاوەکو بیخەینە کار”.
ئەو دەڵێت، کۆمپانیای دامەزرێنەری وێستگەکەیان دەستکراوە کرد بۆ ئەوەی سودی خۆیی لێ ببینێت، ئەوانیش کارەباکەیان دەفرۆشنە عێراق.
حکومەتی فیدراڵی کارەبای ئەو وێستگەیەی خورمەڵە بۆ کەرکوک و موسڵ دەنێرێت.
لە ئێستادا، 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێت بە هاوڵاتیان لە بە تێکڕایی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی داتاکان، بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاتژمێری نیشتیمانی هەبێت، پێویستە حکومەتی هەرێم زیاتر لە شەش هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت.