لە کەلار سێ قوتابخانە بایکۆتیان شکاند
+964
میلاد جەلال_گەرمیان
دوای ئەوەی بەھۆی دواکەوتن و پێنەدانی موچەکانیان مامۆستایانی قوتابخانەکانی گەرمیان بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندنیان کرد، بەڵام چەند قوتابخانەیەک لە کەلار بایکۆتیان شکاند.
بە پێی زانیاریەکانی 964 تا ھەفتەی داھاتوو بەشی زۆری ئامادەییەکانی کەلار دەوامی پۆلی 12 دەستپێدەکەنەوە.
964دەزانێت ئامادەیی شەھید ئارام دوێنێ یەکشەممە دەستیان بە دەوام کردەوە، ھەریەک لە ئامادەییەکان باکوور و گۆران، سبەینێ سێشەممە بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە دەوام دەکەنەوە و تەنیا وانە بە قوتابیانی پۆلی 12 دەڵێنەوە.
دارا ئەحمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان پشتڕاستیکردەوە، چەند قوتابخانەیەک بایکۆتیان شکاندووە، بە 964ى وت “سەرپەرشتیارە پەروەردەییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە سەردانی ئەو قوتابخانانە بکەن، کە دەوام دەکەن بۆ ئەوەی بتوانین ئاماری تەواو کۆبکەینەوە، کە چەند قوتابخانەن”.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو قوتابخانانە بە خواستی خۆیان دەستیان بە دەوام کردووە، بۆ ئەوەی قوتابیانی پۆلی 12 لە وانەکانیان دوانەکەون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا