هاوڵاتییەک دراوی ئەمریکی و عێراقی بەدەستەوە گرتووە _ وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتی
وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی: بەهای دۆلار دێتەوە بۆ خوار 150 هەزار دینار
964+
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی، گەشبینە بەوەی نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ خوار 150 هەزار دینار دابەزێت، دەشڵێت، “دۆلاری پێویست هەیە، ئەگەر لێچوونەکان بگرین”.
پاش کۆبوونەوەیان، لەگەڵ شاندە ئەمریکییەکان راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق مژدەی بەرزبوونەوەی بەهای دیناری بە گوێی بازارەکانی عێراق بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 156 هەزار و 250 دینار، ئەوە لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بوو بە 156 هەزار و 550 دینار.
ئەمڕۆ شەممە 16.9.2023، جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی بە 964ـی وت، ” ئەو پارەیەی ئێستا بانکی ناوەندی دەیخاتەڕوو، بەشی پێویستی بازاڕ دەکات، تەنیا ئەوەیە دەبێت قۆرخکاری، گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە نەهێڵدرێت، بە گرتنی ئەو لێچوونانە بازاڕ سەقامگیر دەبێت”.
وتەبێژی بازاڕی دراو ئەوەشی وت، “دەکرێ بۆ ماوەی 15 بۆ 30 رۆژێک، بانکی ناوەندی هاوکار بێت، لە خستنەرووی 70 ملیۆن دۆلار بە شێوەی کاش”. بە وتەی ئەو بێت، ئەم هەنگاوە هاوکار دەبێت لەوەی نرخی دینار جێگیر ببێت لە ئاستێکدا.
سزای ئەمریکا بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دۆلار لەگەڵ ئێران، بووە بە گرفت بۆ بەهای دینار، جەبار گۆران دەڵێت، “ناتوانین بە دینار مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەین، چونکە کورتهێنانی دینار دروست دەبێت، تەنیا رێکار ئەوەیە قۆرخکاری و سپیکردنەوەی دۆلار نەهێڵدرێت”.