داوای کارگەیان کردووە

له‌ ئاكرێ رۆژانه‌ نزیكه‌ى 70 تۆن به‌رهه‌می شیر هه‌یه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت، لە ئاکرێ نزیکەی 150 هەزار سەر ئاژەڵى جیاجیا له ‌سنوورى قه‌زاكه‌یاندا هه‌یه‌ و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى كه‌ مه‌زه‌نده‌ش كراوه‌ رۆژانه‌ به‌ده‌ستبهێندرێت نزیكه‌ى 70 تۆنه‌.

ئەندازیار فازڵ مستەفا رەشید، بەرێوەبەری کشتوکالی ئاکرێ، به‌ 964ـى راگه‌یاند، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ سنوورى قه‌زاى ئاكرێ ژماره‌یه‌كی زۆرى خه‌ڵك خه‌ریكی ئاژه‌ڵدارین، ژماره‌یه‌كی زۆرى سه‌ره‌ئاژه‌ڵى لێیه‌.

وتیشی “به‌پێی ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ى كه‌ ساڵى 2018 لاى ئێمه‌ كراوه‌، 64 هه‌زار سه‌ره‌ئاژه‌ڵى بچووك و 30 تا 40 هه‌زار سه‌ره‌مانگاش له‌ سنوورى ئاكرێدا هه‌یه‌”.

لە ئاکرێ بەرهەمی ناوخۆیی نمایشکرا

لە ئاکرێ بەرهەمی ناوخۆیی نمایشکرا

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و ئاماره‌ پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌، بۆیه‌ ئێستا ژماره‌ى ئه‌و سه‌ره‌ئاژه‌ڵانه‌ زیادیان كردووه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت “له‌ ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا هیچ نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌ و به‌ربڵاو له‌ ناو ئاژه‌ڵه‌كانى ئه‌و سنووره‌دا بڵاونه‌بووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وە ژماره‌یان كه‌مبووبێتەوە”.

به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵی ئاکرێ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، رۆژانه‌ 60 تا 70 تۆن به‌رهه‌مى شیر له‌ سنووره‌كه‌یاندا ده‌ستده‌كه‌وێت.

باسی له‌وه‌ش كرد به‌شێكى خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى شیریان به‌فیڕۆ نه‌چێت ده‌چنه‌ چیاكانى سنوورى ئاكرێ و شیره‌كانیان ده‌كه‌ن به‌ په‌نیر .

به‌ قسه‌ى فازڵ مستەفا، له‌ ساڵى 2007ـه‌وه‌ داواى دامه‌زراندنى كارگه‌یه‌كی تایبه‌تیان بۆ به‌رهه‌مه‌كانى شیره‌مه‌نى بۆ سنوورى قه‌زاى ئاكرێ كردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.