ئێران دوو هاوڵاتی عێراقی لەسێدارە دا
بڕیاری دادگایە
بەتۆمەتى سیخوڕى ئێران دوو کەسى لەسێدارەدا
ئەحمەد مستەفا
دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 20.4.2026 لە سێدارەدانی دوو کەسی راگەیاند، وە دەڵێ، “ئەوان سیخوڕی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) بوون و راهێنانیان پێ کراوە”.
“محەمەد مەعسوم شاهی و حەمەد وەلیدی”، ئەم ناوی ئەو دوو کەسەن، کە دەسەڵاتەکە دەڵێ، ئەندامانی تۆڕێکی سیخوڕی پەیوەست بە مۆساد بوون و دوای دانیشتن و پشتڕاستکردنەوەی ئەو بڕیارەی کە لە دادگای باڵا دەرچووە، لەسێدارەدراون.
ئاژانسە بەرچاوەکانی هەواڵ لە ئێران ئێرنا، تەسنیم، میهر نلە بارەی ناوەڕۆکی دۆسیەکە نوسیوویانە، ئەو کەسانە ئەندامی تۆڕێکی سیخوڕی بوون کە لە رێگەی ئەلیکترۆنی و گەشتکردن پەیوەندییان لەگەڵ ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگری مۆساد دروستکردووە، دوای ئەنجامدانی مەشق و راهێنان گەڕاونەتەوە ئێران.
لەماوەی جەنگ و پێش جەنگ، ئێران ژمارەیەک بەندکراوی بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە داوە، لە چەند رۆژی پێشووش هەڵوەشاندنەوە و دەستگیرکردنی باندێکی “سیخوڕی ئیسرائیلی” لەناوخۆی وڵاتەکەی راگەیاند.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتوەکان، لە ساڵی رابردودا 841 حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێران تۆمارکراوە،چەندین کەسیش بە تاوانی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و داکۆکیکردن لە مافەکان لە سێدارە دراون، جگە لە تۆمەتی سیخوڕی و سزا بەرکارەکانی وڵاتەکە.