دەستکراوە بە دروستکردنی دووانیان

بەردەڕەش دەبێتە خاوەنی چوار قوتابخانەی نوێ

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لەیەکێک لە گەڕەکەکانی قەزای بەردەڕەش بناغەی قوتابخانەی 18 پۆلی دانرا، بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 وا بڕیارە بەمنزیکانە بەردەڕەش ببێتە خاوەنی چوار قوتابخانەی نوێ.

ئەندازیار محەمەد ئیسماعیل، بەرپرسی بەشی ئەندازیاری لە قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش بۆ 964 وتی، “ئەو قوتابخانەیە لە گەڕەکی وەلیداوەیە، ملیارێک و 620 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، دەبێت لەماوەی 400 رۆژ تەواو بکرێت، ئەمەش سودێکی زۆری بۆ دانیشتوانی ئەو گەڕەکە دەبێت، چونکە ئەو گەڕەکە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لێ نیشتەجێیە.

بەوتەی ئەو ئەندازیارە هێشتا بڕیار نەدراوە قوتابخانەکەی گەڕەکی وەلیداوە بکرێت بە قوتابخانەی بنەڕەتی یان ئامادەیی.

بەگوێرەی زانیارییەکان جگە لەم قوتابخانەیە، لەهەریەکە لە گوندەکانی قەرەناز و بیوک بڕیاری دروستکردنی قوتابخانەی 12 پۆلی دراون و بەمنزیکانە بناغەکەیان لێدەدرێت.

ئەندازیار محەمەد ئیسماعیل دەڵێت، جگە لەو قوتابخانانە، ئێستا بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی 9 پۆلی لە گوندی ئیسماوا دانراوە و لەسەر بودجەی سندوقی کۆمەڵایەتی بۆ پەرەپێدان سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی جێ بەجێ دەکرێت و گوژمەی  300 هەزار دۆلارە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی