تەعجیلی نوێ هێشتا بێ خزمەتگوزارییە

964+
ئەحمەد شەمزینی – هەولێر

گەڕەکی تەعجیلی نوێ کە 11 ساڵ لەمەوبەر دانیشتووانی تەعجیلی کۆنی تێدا جێگیرکران، تا ئێستا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی پێ نەگەیشتووە.

تەعجیل گەڕەکێکی دێرینی شاری هەولێرە، 11 ساڵ لەمەوبەر بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی چۆڵکرا و دانیشتووانەکەی لەناو جەرگەی شارەوە گوازرانەوە و لە دووری 12 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەوە زەوی قەرەبوویان پێدرا.

گەڕەکە تازەکە کە ناونراوە تەعجیلی نوێ، تا ئێستا قیرتاونەکراوە و کۆڵانەکانی هەر خۆڵە پووتەیە، سیستمی ئاوەڕۆی نیوەچڵە و تەنیا چاڵی مەنهۆڵەکانی هەڵکەندراوە.

قوتابخانەی گەڕەکەکە هێشتا لەناو کابینەدایە و بچوکیشە و پێویستی گەڕەکەکە پڕ ناکاتەوە، لە باران و قوڕ و لیتەی زستانیشدا قوتابیان ناتوانن بچن بۆ قوتابخانە.

محەمەد فارس دانیشتووی ئەو گەڕەكەیە و دەڵێت، تا ئێستا لە وەرزی زستان كێشەیان بۆ دروست دەبێت و لە ئێستادا شۆستەكانیش بە نیوەوناچڵ جێهێڵدراوە.

هێمن ئیسماعیل، به بەڕێوەبەری شارەوانی شەمامك بە 964ـی وت، “دروستكردن و كۆنكرێتكردنی رێگاكان کە لەلایەن كۆمپانیایەكی جێبەجێكار ئەنجام دەدرێت پێویستە لە ماوەی دیاریکراو بۆ پڕۆژەکە تەواو بکرێت، لە ئەگەری دواکەوتنیدا سزای دارایی دەدرێن بە بڕێک پارە بۆ هەر رۆژێک”.

بڕیارە پرۆژەکە تاوەکو کۆتایی 2023 تەواو ببێت.

پارێزگای هەولێر رێکەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکەدا کردووە و شارەوانی شەمامک تەنیا چاودێرن بەسەریانەوە، هێمن ئیسماعیل وای وت.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین