فێستیڤاڵی قەرەچەکان لە دهۆک ئەنجام دەدرێت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشەنبیری و هونەر لە پارێزگای دهۆک فێستیڤاڵێکی تایبەت بە قەرەچەکان رێکدەخات.
فێستیڤاڵەکە بڕیارە لە کۆتایی مانگی 10 ئەنجامبدرێت و لە ئێستاوە دەستکراوە بە ئامادەکارییەکان.
حەسن فەتاح، وتەبێژی رۆشنبیری دهۆک بە 964ـی وت، لە فێستیڤاڵەکەدا باسی چیرۆک و کلتور و کارەکانی قەرەچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکرێت، هەروەها ئەو تەماشاکردنەی کە بۆ چینی قەرەچەکان کراوە لە رابردوو نەمێنێت و ئەوانێش وەک هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە هاوبەشن لەم خاکەدا.
یونس زاهر پیرۆ نوینەری قەرەچەکانی هەریمی کوردستان بە 964ـی وت، “ئیمە وەکو چینی قەرەچەکان بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک داوامان کردووە فێستیڤاڵێکی تایبەتمان بۆ ئەنجام بدرێت، دەمانەوێت لە رێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە بڵێین ئێمە کێین و بۆ بە ئێمە دەوترێت قەرەچ و کەلتوری خۆمان بە خەڵک پێشان بدەین”.
وتیشی، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستانەوە قەرەچەکان ئامادە دەبن، دەمانەوێت هەموان بزان کە قەرەچەکانێش چینێکی دیاری کۆمەڵگان و بە چاوێکی کەمەوە سەیر نەکرێن.
لە سەرانسەری پارێزگای دهۆک و بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشەوە زیاتر لە شەش هەزار قەرەچ هەن و لە سەنتەری دهۆک و قەزای سیمێل و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نیشتەجێن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی