بە نێوەندگیری ئەمریکا
هەسەدە و هۆزەکانی دێرەزوور رێککەوتن گرژییەکان کەمبکەنەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بە مەبەستی هێورکردنەوەی رەوشی پارێزگای دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان، بەشێک لە بەرپرسانی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و سەرکردەی هۆزە عەرەبەکانی پارێزگاکە کۆبوونەوە.
یسان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک و لیوا جۆڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەنێو ئەو شاندەدا بوون کە لە رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ هەسەدە و هۆزە عەرەبەکان کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3.9.2023، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سوریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لایەنەکانی کۆبوونەوەکە، رازیبوون “گرژییەکان کەمبکەنەوە” و رێگری لە “مردن و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی” بکەن.
هەسەدە و هێزە یاخیبووەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور بە نێوەندگیری ئەمریکا “رێککەوتن لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی دانیشتووانی دێرەزوور، مەترسیی دەستوەردانی لایەنە دەرەکییەکان لە دێرەزوور، پێویستیی رێگەگرتن لە مردن و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان بە زووترین کات”.
ماوەی هەفتەیەکە گرژییەکانی نێوان هەسەدە و ژمارەیەک هێزی سەر بە ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور درێژەی هەیە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 کەس کوژراون و دەیان هاوڵاتی دیکە بریندار بوون.