یانەی هەولێر دەستی بە راهێنانەکانی کردەوە

964+

هێژا خەسرەو ـ هەولێر

یانەی هەولێر بە ئامادەبوونی زۆربەی زۆری یاریزانەکانی یەکەم مەشق و راهێنانی بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولی پیشەگەرەکانی عێراق کرد کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا دەستپێبکات.

ئەو یاریزانانەی مەشقیان ئەنجامدا سەرجەمیان گرێبەستیان واژۆکردووە، تەنیا سێ یاریزان لەژێر چاودێری و تاقیکردنەوەدان، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدراوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیان.

شوان مامۆ سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی خولی عێراقی یانەکە لە لێدوانێکدا بە 964ی وت، مەشقەکانمان بۆ ئەوە دەستپێکردووەتەوە تاوەکو بە باشترین شێوە ئامادەبین، سەبارەت بە کردنەوەی کەمپی مەشق و راهێنانیش، چەند هەواڵێکی کات و شوێن بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئێمە تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتاییمان لەسەر کات و شوێنی کەمپەکەمان نەداوە.

یانەی هەولێر تاوەکو ئێستا گرێبەستی 15 یاریزانی نوێکردووەتەوە و نۆ یاریزانی نوێشی هێناوەتە یانەکەی.

پێداچوونەوە: توانا نەقی