رووداوی هاتوچۆ
سێ کەس لە رێگای شارەزوور – سەیدسادق بریندار بوون
+964
بڕوا مەجید – شارەزوور
لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە نزیک گوندی (مەحمود خانی) لەسەر رێگای سەرەکیی قەزای شارەزوور بۆ سەیدسادق ، سێ کەس بریندار بوون.
کامەران سەلیم، ئەفسەر لە هاتوچۆی شارەزوور بۆ 964 وتی، “رووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری (BYD) و (ئۆپترا)دا بووە ، بەهۆی توندی پێکدادانەکەوە، هەردوو شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان و سەرنشینێک بریندار بوون.”
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید ڕەئوف بەگ، هەر سێ بریندارەکە گەیەندراونەتە فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە و چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە، یەکێک لە بریندارەکان قاچی شکاوە و دوو کەسەکەی تریش برینەکانیان سووکە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا