لێکۆڵینەوە لە راست و دروستی بڕوانامەی کاندیدەکانی هەڵبژاردن دەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەیەوێت دڵنیابێتەوە لە راست و دروستی بڕوانامەی ئەو کەسانەی کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان خۆیان کاندید کردووە، دۆسییەکانیان رادەستی وەزارەتی ناوخۆ دەکات.

ئەمڕۆ هەینی 1.9.2023، ئەندامێکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئەحمەد عوبەیدی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەم پرۆسەى وردبینییە 15 رۆژ دەخایەنێت و دواى ئەوە وەڵامی حیزب و هاوپەیمانێتییەکان دەدرێتەوە، سێ رۆژیان لەبەردەم دەبێت بۆ تانەدان یان گۆڕینی کاندید ئەگەر کێشەیەک لە کاندیدەکانیان هەبوو.

بە وتەی ئەو ئەندامەی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن، ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە شەش هەزار کەس.

بڕیارە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بەبێ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و لەسەر ئاستی عێراق 285 کەس بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەبژێردرێن.