هاوڵاتیەکی پشدەر: کە بۆردومان کرا وامزانی فڕۆکە لە خانووەکەی داوین

964+
محەمەد عەلی – پشدەر

درەنگانی شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی دەوروبەری ئیسیوەیان لە پشدەر کرد و بەهۆیەوە زیان بەر شوشەی پەنجەرەی چەند خانوویەک و فەرمانگەکانی ناحیەکە گەیشت.

دڵنیا محەمەد هاوڵاتییەکی سنورەکەیە لەبارەی بۆردومانەکە بە 964ـی وت، “نیوەی شەو بوو دەنگێکی بەهێز هات، وامزانی لە خانوەکەی ئێمەی دا، هەرچی شوشەی پەنجەرە بوو کەوتنە خوارەوە، هەر زراوم چوو لە ترسا لە هۆش خۆم چووم، قەت دەنگی وا بەهێزم گوێ لێ نەبووە”.

گوندنشینان دەڵێن، لە ئێوارەوە دوێنێوە دەنگی فڕۆکەیان بیستووە بەڵام یەکەمین جارە لە نزیک گوندەکان بۆردومان بکرێت.

ئاسۆ ئەحمەد گوندنشینی سنورەکەیە و بە 964ـی وت، “بیانووی ئەو بۆردومانانە بوونی چەکداری دەرەوەی باشووری کوردستانن، بەڵام ئێمە تاوەکو ئێستا جگە لە هێزە فەرمیەکانی حکومەتی هەرێم کەسمان لێرە نەبینیوە”.

ئەو داوا دەکات، سنورێک بۆ ئەو بۆردومانانە دابنرێت و چیتر رێگە نەدرێت هاوڵاتیانی مەدەنی بکرێنە قوربانی ململانێکان.

بۆردومانی سنوری پشدەر لەکاتێکدایە کە شەوی رابردوو، فڕۆکەی جەنگی بە درێژایی چیاکانی قەندیل و ئاسۆس و شارباژێڕ بۆردومانی چڕیان کرد، هەروەها لە ئاسمانی کۆیە و سلێمانی و دوکانیش بە نزمی دەسووڕانەوە.

گومانەکان بۆ ئەوە دەچن، فڕۆکەی جەنگی تورکیا بن و بەشوێن بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بن.