لە راپەڕین پێنج هەزار کەس داوای 41 هەلیکار دەکەن
+964
فەهمی نەبی – هەولێر
لە ئیدارەی راپەڕین بۆ 41 هەلی کار پێنج هەزار کەس فۆرمی داواکاری دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە، ئەوە بە رێژەی ناوەندیی، دەکاتە 121 کەس لە یەک کاتدا بۆ یەک هەلیکار دەگەڕێن.
نادر مەحمود، بەڕێوەبەری کارگێڕی ئیدارەی راپەڕین و ئەندامی لیژنەی جیاکردنەوەی فۆرمەکان بە +964ی وت، لە سەرەتای ئەم مانگە، 41 دەرفەتی کاریان بڵاوکردووەتەوە بۆ چەند بوارێکی جیاواز، تەنیا لە ماوەی یەک هەفتە، پێنج هەزار کەس فۆرمی داواکارییان پڕکردووەتەوە.
بە قسەی شارەزایان، ئەوە ئاماژەیە بۆ رێژەی بێکاریی بە شێوەیەکی بەرچاو.
دکتۆر ئەیوب سماقەیی، پسپۆڕی ئابوری بۆ 964+ی باسکرد، “لە هەرێمی کوردستان و عێراق نوسینگەی بەگەڕخستنی خەڵک نییە، دەرفەتەکانی کار رێکخراو نییە، بەشێکی زۆری دەرفەتەکانی کار خەڵکی بیانی پڕی دەکاتەوە، بەشێکی تری ئەوەیە خەڵک متمانەی بە کەرتی حکومی زیاترە وەک لە کەرتی تایبەت، بەڵام هۆکاری بنەڕەتی رێژەی بێکارییە لە هەرێم و عێراق”.
لە لایەکی دیکە، رۆژی سێشەممە، 6ی کانونی یەکەمی 2022، وەزارەتی ناوخۆی عێراق، فۆرمی دامەزراندنی بۆ پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک، کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، بەڵام بە هۆی زۆری داواکاری پێشکەشکردن بۆ ماوەی چەند رۆژێک لاپەڕەی پڕکردنەوەی فۆرمەکە لەکارکەوت.
بەگوێرەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە ساڵی 2021، رێژەی بێکاری لە وڵاتەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە سەدا 16.5 بووە.