پیرە داربەڕوویەک ژیانی ئەم پیاوەی لە ئەنفالێکی حەتمی پاراست
مام موڕاد دەیگێڕێتەوە
دەریا ئەحمەد – کۆیە
38 ساڵ لەمەوبەر و دوای پڕۆسەی ئەنفالی دەشتی کۆیە، داربەڕوویەکی گەورە دەبێتە هۆی ەزگارکردنی ژیانی پیاوێک لەدەست پیاوانی رژێمی بەعس و ئەو دارە نەبووایە ئەو پیاوەش هاوشێوەی برا و خاڵەکانی ئەنفال دەکرا.
وەک خۆشی دەڵێت، دوای خودا مەمنونی ئەو داربەڕووەیە.
موڕاد حەمید بە 964ـی وت، دوای پڕۆسەی ئەنفال لە گوندی تیمارۆک-ەوە رایان کردووە بۆ کۆیە، بەڵام چونکە جوتیار بوون دەگەڕانەوە سەر زەوییەکانیان، بەڵام رۆژێک سەربازێکی ڕژێمی بینیوە لە دورەوە بەرەو لای ئەو هاتووە، کە لەژێر ئەم داربەڕووە بۆ پشوودان دانیشتبوو، ئەو دەڵێ، چارەی ترم نەما چوومە سەر داربەڕووەکە، کە سەربازەکە نزیک بوەوە بەهۆی گەورەیی دارەکە و زۆری گەڵاکانی سەربازەکە منی نەبینی و لەناو پشوو پەڵاشی نزیک دارەکە لەمن دەگەڕا.
وەک خۆی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە، ماوەیەک لەو ناوە سوڕایەوە و پاشان دوو فیشەکی تەقاند و لە دارەکە دوورکەوتەوە، مام موڕادیش دواتر هاتووەتە خوارەوە و بە پێچەوانەی ئەو رایکرد و دوورکەوتووەوەم مام موراد بە یاد و وەفای دارەکە، زۆر جار بە تایبەت دێتەوە بۆ سەردانی و دەڵی، دڵم پێی خۆشە، لەدووای خودا من مەمنونی ئەو دارەم کە بووە هۆکارێک بۆ رزگاربوونی ژیانم.
سەبارەت بە تەمەنی دارەکە موڕاد حەمید دەڵێ، دارەکە زۆر بە تەمەنە و پێشبینی دەکرێ تەمەنی 300 ساڵ بێت، چونکە باوکم و باپیریشم ئەو دارەیان بە بچوکی نەدیووە و نازانن کێ چاندوویەتی و کەی چاندراوە بەڵام لە رابردوو دا قەبارە و لق و گەڵایەکانی زۆر لەوەی ئێستا زیاتر و بەرزتربوو، بەداخەوە ئێستا لقی زۆری لێ وشک بووە.
موڕاد واحید، ئێستا تەمەنی 70 ساڵە و دانیشتووی گوندی تیمارۆکە، تەنیا لە گوندەکەی ئەو لە پڕۆسەی ئەنفال 22 هاوڵاتی ئەنفال کراو کە حەوتیان کەسی نزیکی ئەو بوون، وە لە تەواوی بنەماڵەکەی 23 کەسیان ئەنفالە، خۆشی بەهۆی داربەڕوویەکەوە رزگاری بووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا