رۆژی ئاڵا؛ چوار رەنگ و چوار ئەلف
964+
هێمن بەکر – هەولێر
ئەمڕۆ 17ی کانونی یەکەمی 2022 رۆژی ئاڵای کوردستانە، ئەو ئاڵایەی چوار رەنگی ئازایی، ئاشتیی، ئاوایی و ئاوراویی لەخۆگرتووە.
رەنگی ئەم ئاڵایە بریتیە لە سور بە مانای رژانی خوێن و ئازایی، سپی بە مانای ئاشتیخوازیی، سەوز بە مانای ئاوەدانیی و زەردیش بە مانای ئاگراوی و تیشکی خۆر و رۆژێکی نوێ.
لە ساڵی 1999 پەرلەمانی کوردستان وەکو ئاڵای فەرمی هەرێمی کوردستان پەسەندی کردووە.
دوای 10 ساڵ و لە 2009، پەرلەمان لە دانیشتنێکی تایبەتدا، رۆژی 17ی 12ی هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی ئاڵا دیاریکرد.
بڕیارە ئەمڕۆ لە ناوەندەکانی خوێندن و باقی ناوەندەکانی دیکەی حکومی، لەگەڵ بەشێک لە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت و بە مەراسیمی جۆراوجۆر یادی بکرێتەوە.
بەگوێرەی گێڕانەوەکان، سەرەتای دروستبوونی ئاڵایەک بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، کاتێک رێکخراوە کوردییەکان لە ئەستەنبوڵی تورکیا خەریکی دەرکردنی گۆڤار و رۆژنامەی کوردی بوون، لە ھەمان کاتیشدا لە ھەوڵی دروستکردنی ئاڵایەکی نەتەوەیی بوون.
ساڵی 1919 ”کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی” کە لە ئەستەنبوڵ لەلایەن ژمارەیەک رووناکبیر و سیاسەتمەدار و کەسایەتیی ناسراوی ئەو سەردەمەی کورد دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندنی خۆی ئاڵای نەتەوەیی کوردستانی دروستکرد و داوای سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد.
ئەو کەسانەی بەشدارییان لە دامەزراندنی رێکخراوەکە و ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کرد، بریتی بوون لە ئەمین عالی بەدرخان (جزیرەی بۆتان)، دکتۆر عەبدوڵا جەودەت (عەرەبگیر)، ئەکرەم جەمیل پاشا (ئامەد)، مەولانا زادە رەفعەت بەگ (سلێمانی)، نەجمەدین حسێن (کەرکوک)، کەمال فەوزی (بەدلیس)، شوکری بابان (سلێمانی)، مەمدوح سەلیم (وان)، حیکمەت بابان (سلێمانی)، فوئاد بابان (سلێمانی)، دکتۆر شوکری محەمەد و فەرید بەگ.
ئەو ئاڵایە دواتر و لە کۆماری مەهاباد بە کەمێک دەستکارییەوە دروستکرایەوە، لە رۆژی راگەیاندنی کۆمارەکە لە 22ی کانونی دووەمی 1946 بە فەرمی هەڵکرا، هەر ئەو ئاڵایە بوو کە لە لایەن ”کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی” بنیاتنرابوو.