عێراق بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان تەکنەلۆژیای ئاودێری دادەمەزرێنێت

964+

پێشەوا محەمەد

حکومەتی عێراق لە پلانیدایە لە رێگەی تەکنەلۆژیای ئاودێرییەوە دووبارە وەبەرهێنان لەو زەوییە کشتوکاڵییانەدا بکاتەوە، کە بەهۆی بێئاوییەوە کاریان تێدا ناکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، ساڵانە عێراق 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەهۆی بێئاوییەوە لە دەست دەدات.

رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمی عێراق لە زاری باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ شەممە 26.8.2023 رایگەیاندووە، هەزار و 500 سیستمی تەکنەلۆژیای ئاودێریمان پێویستە و لە ئێستادا 150 سیستم بوونی هەیە.

وتوشیەتی، “ئامانجی یەکەم بریتی دەبێت لە بەرهەمهێنانەوە لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵیدا بەو سیستمە و پاشان رێژەکە بۆ پێنج ملیۆن دۆنم زەوی بەرز دەکەینەوە”.

رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، ئەو سیستمە بە شێوەیەکی رێکخراو ئاو لە رووبار و بەنداوەکانەوە بەبێ هیچ بەفیڕۆچوونێک دەگەیەنێتە کێڵگە کشتوکاڵییەکان.