ئاوی بەنداوی موسڵ بۆ دوو هێندە زیادیکردووە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی عێراق دەڵێت، بەهۆی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ بۆ دوو هێندە زیادیکردووە و ناوچەکەی لە مەترسی رزگارکردووە.

ئەمڕۆ هەینی عەون دیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی قسەیکردووە دەڵێت، تورکیا لە هەر چرکەیە 500 مەتر سێجا ئاو بەردەداتەوە، ئەمەش وایکردووە ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ دوو هێندە بێت.

بەوتەی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، یەکێک لەو دۆسیانەی لە سەردانی ئەمجارەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق قسەی لەبارەوە کراوە، بابەتی ئاو بووە، پێشوتر سەردانی وەفدی عێراقی بۆ تورکیا هەموو ئەمانە وایکرد رووباری دیجلە ببوژێتەوە.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێت، ئەم هەنگاوە وایکردووە ئاستی بەردانەوەی ئاو بۆ ناوچە کشتوکاڵیەکان زیادبێت، هاوکات هێندەی نەماوە وێستگەی(ثرثار) تەواو بێت بەمەش دەبێتە پاڵپشتیەکی باش بۆ بوژانەوەی ئاوی رووباری فورات، کە رووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بووەتەوە.

بەنداوی موسڵ بەدووری 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە دووری شاری موسڵ لەسەر رووباری دیجلە دروستکراوە و گەورەترین بەنداوە لەسەر ئاستی عێراق.