ئەوکاتەی سەرۆکی ڤاگنەر کوژرا پوتین سەرقاڵی چی بوو؟

964+
عادل کانەبی

بەگوێرەی میدیاکانی رووسیا، کاتێک دوێنێ چوارشەممە، ئەو فڕۆکەیەی سەرۆکی ڤاگنەری تێدابوو کەوتەخوارەوە و تێکشکا، ڤلادمێر پوتین سەرقاڵی ئاهەنگ گێڕان بووە.

فڕۆکەکە دەمەو ئێوارەی دوێنێ لە باکووری رووسیا کەوتەخوارەوە، یاڤگینی پریگۆژین دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەر و نۆ کەسی دیکەی تیادابوو، کە هەموویان گیانیان لەدەستدا.

ئەو کاتەی هەواڵی کەوتنی فڕۆکەکەی پریگۆژین بڵاوبووەوە، ڤلادمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە ناوچەی کورسکی وڵاتەکەی بەشداری لە مەراسیمێکدا کردووە بە بۆنەی 80 ساڵەی شەڕی کورسک، کە تێیدا سوپای سۆڤیەت لە ساڵی 1943 لە جەنگی دووەمی جیهانی بەسەر نازییەکاندا سەرکەوت.

کەمێک دوای رووداوەکە، چەناڵی Grey Zone لە تەلەگرام کە نزیکە لە گروپی ڤاگنەر نووسیبوی، “پریگۆژین لەلایەن خیانەتکارانی رووسیاوە کوژراوە”.

ڤاگنەر گروپێکی کەرتی تایبەتی سەربازی رووسیا بوو، زیاتر لە ساڵێک هاوشانی سوپای ئەو وڵاتە شەڕیان لەگەڵ ئۆکراینا کرد.

گروپەکە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە دژی ڤلادمێر پوتین هەڵگەڕانەوە و بەرەو مۆسکۆ رۆشتن، بەڵام دواتر کتوپڕ وەستان و کشانەوە.

لەو دوو مانگەی رابردوودا قسە و باسەکان جیاواز بوون لەسەر پریگۆژین، سەرەتا وادەزانرا لە بیلاروسیا دەژی، بەڵام دواتر دەرکەوت هاتوچۆی سانپترسبۆرگ دەکات لە رووسیا کە زێدی خۆیەتی.