چوار پێشمەرگە لە رووداوێکی هاتوچۆدا بریندار بوون
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
لەسەر رێگەی کۆیە-هەولێر لە نزیک گوندی گۆمەشین رووداوێکی هاتوچۆ روویدا و بەو هۆیەوە چوار پێشمەرگە بریندار بوون.
تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە 964+ی راگەیاند، چوار پێشمەرگەی زێرەڤانی کە لە ئەرک دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەسەر رێگەی کۆیە-هەولێر ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە و بەوهۆیەوە هەر چواریان کە شۆفێرێک و سێ سەرنشین بوون بریندار بوون.
پێشمەرگەکان گواسترانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کۆیە و بە وتەی تاریق حەیدەری “برینی هەر چواریان سووکە.”
پێشمەرگەکان دانیشتووی خانەقین بوون و ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری “ھیۆندای ئەزێرا” بوو و موڵکی وەزارەتی پێشمەرگە نەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە لە پپەرەی تایبەتی خۆیان لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، “بەھۆی بێئاگایی لە شۆفێریکردن” شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە.
ساڵانە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی هەرێم، ژمارەی رووداوەکان و لێکەوتەکانیان لە کوردستان بڵاودەکاتەوە، بۆ ساڵی ٢٠٢١، چوار هەزار و ١١٩ رووداوی هاتوچۆ هەبوون، تێیدا ٦٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و ١٢١ کەسیش بریندار بوون.