کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر
%850 نرخی کارەبا گران بووە
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر کارەبا بێ هیچ بڕیارێک کۆتایی هات
964+
فەرمان سادق
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر کەمی کارەبا و گرانی نرخەکەی بێ هیچ بڕیارێک کۆتایی هات، ئەندامێکی ئەنجومەنەکەش دەڵێت؛ بەدواداچوونی دەکەین و جارێکی تر لەسەری کۆدەبینەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23.8.2023، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر پرسی کارەبا لە شارەکە کۆبووەوە، بەڵام نەیتوانی هیچ بڕیارێک لەسەر گرانی و کەمی کارەبا بدات.
غازی عەلی، سەرۆکی لیژنەی سکاڵا و دەسپاکی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە 964ـی وت، ئەو بەشە کارەبایەی دەدرێتە هەولێر بەراورد بە شارەکانی دیکە، کەمتر نییە ئەگەر زیاتر نەبێت، بەڵام ئەوەی وایکردووە کارەبای کەم بدرێتە خەڵک ئەوەیە کە بە تێکڕا رۆژانە 265 مێگاوات کارەبا بە فەرمانگەکانی حکومەت، کونسڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان بدرێت، کە ئەو بڕە جێگەی گومانە.
سەرۆکی لیژنەی سکاڵا و دەسپاکی روونیشی کردەوە گومانەکە لەوێوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەڕێوەبەری گشتی کارەبای هەولێر لە کۆبووەوەی ئەنجومەن وتی، 19 شار و پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر، کارەبای کراوەتە سیستمی پریپەید و 24 کاتژمێری، ئینجا بە هەموویان 27 مێگاوات کارەبایان بردووە.
دەشڵێت: ناکرێت 19 شار و پڕۆژە 27 مێگاوات کارەبا ببەن و فەرمانگە و کونسڵخانەکان 465 مێگاوات کارەبا ببەن!
وتیشی “ئەمە جێی سەرنجە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین، چونکە گومان دەکەین بازرگانی پێیەوە بکرێت”.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر کارەبا بێ هیچ بڕیارێک کۆتایی هات
ئەو بەدواداچوونەی سەرۆکی لیژنەی سکاڵا و دەسپاکی باسی دەکات، بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگایە لەسەر پرسی کارەبا.
غازی عەلی وتی “لەم کۆبوونەوەیە تێگەیشتین کێشەکان لە کوێن، بۆیە بەدواداچوونی خۆمان دەکەین بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو لەسەر کێشەی کارەبا و نرخەکەی، لەوێ ئەنجومەن بڕیار دەدات”.
پێوەند بە پرسی نرخی کارەبا کە نری هەر کیلۆواتێک لە 18 دینارەوە کراوەتە 175 دینار، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەوە روونکرایەوە کە گرانکردنی نرخەکە بۆ هەموارکردنەوەی رێنمایی وەزارەت دەگەڕێتەوە کە لە 18 دینار کراوە بە 156 دینار، بەڵام لە پڕۆژەکان 175 دینار لە هاوبەشەکان وەردەگیردرێت.
حکومەتی هەرێم، سەرووی 700% نرخەکەی گران کردووە، خاوەن پڕۆژەکانیش کە 19 دیناریان گرانکردووە، ئەوانیش 100%ـی نرخی کۆن لە هاوبەشەکان وەردەگرن.
بەو پێیە بێت، بە حکومەت و پڕۆژەکان سەرووی 850% نرخی کارەبای پریپەیدیان زیاد کردووە.
غازی عەلی دەڵێت: حکومەت بازرگانی دەکات و ئەو نرخەی پریپەید پشتی بە هیچ نەبەستووە تەنیا هەمواری رێنمایی نەبێت، لەمەشدا تەنیا نرخی کارەبای لەسەر شارەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان زیاد نەکردووە، بەڵکو کارەبای لەسەر گەڕەکە میللی و هەژارنشینەکانیش کەم کردووە.
زیاتر وتیشی “ئەو 19 دینارەی پڕۆژەکانیش وەریدەگرن، بەرامبەر هەڵگرتنەوەی مۆلیدەکانیان و رێگەدانە بە کارەبای 24 کاتژمێری، چونکە ئەوانیش ئێستا ناتوانن مۆلیدە داگیرسێنن، بۆیە بەو 19 دینارە رازی بوون”.
بڕیارە دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لێکۆڵینەوە بکات و کۆبوونەوەیەکی تر لەسەر پرسی کارەبا ئەنجامدەداتەوە.