رۆژانە 60 تۆن بەرهەمدێت
لۆبیای تەقتەق زیادیکردووە و دەڕوات بۆ خوارووی عێراقیش
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
رۆژانە زیاتر لە 60 تۆن بەرهەمی لۆبیای تەقتەق رەوانەی شارەکانی هەرێم و پارێزگاکانی خواروو ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.
ئاسۆ مستەفا بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق بە 964ـی وت، زەوییەکانی ناحیەکە بەیەکێک لە باشترین شوێنەکان دادەنرێت بۆ کشتوکاڵ کردن، چەنکە زەوی ئاویی باشی هەیە و جوتیاری لێهاتوو لێزانی باشی تیادایە.
یەکێک لە بەرهەمە باش و زۆرەکان لۆبیایە کە رۆژانە 60 تۆنی لێ بەرهەم دێت و دەنێردرێتە پارێزگاکانی تری عێراق.
بە قسەی ئاسۆ مستەفا بێت، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەرهەمی لۆبیا زۆر زیادی کردووە، چونکە چوار ساڵێکە خەڵک وەک جاران گەڕاوەتەوە بۆ کاری جوتیاری و کشتوکاڵی و بەشێکی زۆری بژێوی ژیانیان لەسەر بەرهەمهێنانی لۆبیایە.
ئەو گوندانەی زۆرترین لۆبیا بەرهەم دێن لە سنوورەکە، کانی لەلە، ئۆمەر گومبەت، ساتوو قەڵا، مەلازیاد و گەرمک رووبەری زەوی بەکارهێنراو بە لۆبیا بۆ هەر گوندێک نزیکەی 100بۆ 150 دۆنم بەرهەمی ساڵانەیە، گوندی کانی لەلە، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 140 دۆنم لۆبیای بەرهەمهاتووە، زۆرترین هەلیکاری بۆ گەنجانی سنوورەکە رەخساندووە، چونکە لێکردنەوە و چنینەوەی خەڵکی زۆری دەوێت و کارێکی قورسە.
ناحیەی تەقتەق سەر بە قەزای کۆیە کەوتووەتە لای راستی زێی بچووک و 90 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێرە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی