یارییەکە تەواو نەکرا

هەولێر گەیشتە یاریی کۆتایی خولی لاوانی عێراق

+964

هێژا خەسرەو ـ هەولێر

لە قۆناخی پێشکۆتایی خولی لاوانی تۆپی پێی عێراقدا، لاوانی هەولێر لە یاریگەی یەکەمی فرانسۆ هەریری بەرامبەر لاوانی نەفتی بەسرە یارییان کرد و یارییەکەش بەهۆی ناڕەزایی یانەی نەفتی بەسرە تەواو نەکرا و لاوانی هەولێر بە براوە دانران و گەیشتنە یاریی کۆتایی.

یارییەکە ئەمڕۆ ئێوارە تا خولەکی 60 بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ بەردەوام بوو، بەڵام لە یانەی نەفتی بەسرە دوو یاریزان بە کارتی سوور کرابوونە دەرەوە و ئەمەش بووە ناڕەزایی یانەی میوان لە محەممەد کۆلینای ناوبژیوانی یارییەکە و لە یارییەکەدا کشانەوە، ناوبژیوانیش فیکەی کۆتایی بە سوودی یانەی هەولێر لێدا بە بردنەوەیان بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر و سەرکەوتن بۆ یاریی کۆتایی.

دوای یارییەکە رەوەند عەبدولخالقی راهێنەری لاوانی هەولێر بە 964ی راگەیاند: ئێمە سەرکەوتین بۆ یاریی کۆتایی، ناوبژیوان هەر بڕیارێکی دابێت پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە و ئێمە تەنیا پابەند دەبین، هەرچی روویدابێت ئێمە لە یاریی کۆتایین، هەموو سەرنجێکمان لەسەر ئەم یارییەیە و دەمانەوێت ببینە پاڵەوانی عێراق.

راهێنەرە لاوەکەی لاوانی هەولێر زیاتر وتی: گرنگ نییە رکابەرەکەمان هەر یانەیەک بێت، ئەوەی گرنگە یاریزانانم باش پلانەکان جێبەجێ بکەن و سەربەرزانە لە یاریی کۆتایی یاربکەین، بۆ ئەوەی بە شایستەیی نازناوەکە بەدەستب هێنین و بیسەلمێنین هەولێر شایەنی ئەوەیە ببێتە پاڵەوان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا