کۆسرەت بایز گرێبەستەکەی لەگەڵ نەورۆز نوێ ناکاتەوە
964+
هێژا خەسرەو- هەولێر
کۆسرەت بایز یاریزانی تۆپی پێ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەورۆز نوێ ناکاتەوە و پەیوەندی بە یەکێک لە یانەکانی خولی یانە پیشەگەرەکانی عێراق دەکات.
کۆسرەت بایز لە وەرزی رابردوودا لە یانەی هەولێر یاریی کرد و دواتریش چەند یارییەکی بۆ یانەی نەورۆزی بەشدار لە خولی نایابی عێراق ئەنجام دا، ئەو یاریزانە کوردستان جێدەهێڵێت و لەگەڵ یانەکەی شاری سلێمانیدا بەردەوام نابێت.
کۆسرەت لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی وت: گرێبەستم لەگەڵ یانەی نەورۆز کۆتاییهات، ناگەڕێمەوە ئەو یانەیە، ئێستا چەند یانەیەک بۆ گواستنەوەم لەسەر هێڵن، دوو یانە بە فەرمی گفتوگۆکانیان دەستپێکردووە و یانەیەکیش بە نافەرمی داوای کردووم.
یاریزانەکە کە ئەزموونی زۆرە، دەڵێت: پەلە ناکەم، ئەو یانانەی گفتوگۆیان لەگەڵ کردووم، لە کۆبوونەوەکانماندا بەرەوپێشچوون هەیە، رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا یانەی نوێم رابگەیەنم، لەبەر ئەوەش ناوی یانەکە ئاشکرا ناکەم، چونکە دەمەوێت بگەمە خاڵی کۆتایی و واژۆکردنی گرێبەستەکەم، سروشتی واژۆکردنی گرێبەست وایە، ئەگەری هەیە لە هەر حاڵەتێکدا کێشەی تێبکەوێت یان لەسەر چەند خاڵێکی ناوەڕۆکی گرێبەستەکە رێکنەکەوین.
کۆسرەت بایز یاریزانی باڵەکانە و پێشتر لە چەند یانەیەکی کوردستان و هەروەها لە خولی نایابی عێراقدا یاریکردووە و خاوەنی چەندین دەستکەوت و نازناوە.\
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا