بینایەکی نوێ بۆ کۆلیژی ئامێدی دروست دەکرێت

964+
هیڤی دێوالی – دهۆک

وا بریارە ئەمساڵ بینایەکی نوێ بۆ کۆلێژی پەروەردەی بنیاتی ئامێدی دروست بکرێت.

بینای ئێستای کۆلیژی ئامێدی لە 12.5.2015 کراوەتەوە، بەشەکانی کۆمەڵایەتی، ئینگلیزی و زانستی لەخۆ دەگرێت.

دکتۆر نیعمەت نهێلی، راگری کۆلێژی ئامێدی بە 964ی وت، بەهۆی نەبوونی شوێن و ستافی گونجاو لە کۆلێژ، بەشی زانستمان ماوەی سێ ساڵە راگیراوە و ناتوانین خوێندکار وەربگرین.

وتیشی “هیوادارم لە لایەن شوێنی پەیوەندیدار ئەم بریارە بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین خوێندکاران وەربگرین”.

لە سنووری پارێزگای دهۆک، زانکۆی دهۆک هەیە کە لە 19 کۆلیژ پێک دێت، 17ـەیان لە سەنتەری شاری دهۆک و یەکێکیان لە قەزای ئاکرێ و ئەوەی تریشیان لە قەزای ئامێدییە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق