کێشەی گڕگرتنی خۆڵ و خاشاکی دوکان چارەسەر کرا
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەهۆی تەواو نەبوونی کارگەی ریسایکلین لە ناوچەکە، زبڵ و خاشاکی قەزای دوکان رۆژانە ئاگری تێبەردەرێت و نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروستکردووە، قایمقام دەڵێت چارەسەرمان کردووە.
سیروان سەرحەد قایمقامی قەزای دوکان بە 964ی وت، بڕیار بوو زبڵ و خاشاکی قەزای دوکان و دەوروبەری لە پیرەمەگرون کۆبکرێتەوە و رەوانەی کارگەی ریسایکلینی بازیان بکرێت، بەڵام تا ئێستا کارگەکە تەواو نەکراوە.
ئێستا شوێنێک لە قەزای دوکان دیاریکراوە بۆ کۆکردنەوەی زبڵ، ماوەی چەند ڕۆژێکە ئەو زبڵەی کۆکراوەتەوە ئاگری گرتووە و هاوڵاتیانی بێزارکردووە.
ژێرخاککردنی زبڵی دوکان یەکێکە لە کێشەکانی ئەو قەزایە، ئەمەش هۆکاری گڕگرتنیەتی، قایمقامیەتی قەزای دوکان دەڵێت داوامان لە شارەوانی کردووە ئامێری پێویست بۆ ئەو پرۆسەیە دابین بکەن، بەمەش گرفتەکە چارەسەر دەکرێت.
رۆژانە لە قەزای دوکان 50 بۆ 60 تۆن زبڵ لە قەزای دوکان کۆدەکرێتەوە، لە رۆژانی پشوو ئەو رێژەیە زیاتر بەرز دەبێتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی