درۆنە ئێرانییەکان ئاگری شەڕیان لە چەندین شوێنی جیهاندا گەرمکردووە

964+

ژووری هەواڵ

50 دانە لەم فرۆکانە دەتوانن ئاسایشی جیهان بشێوێنن، هاتوچۆی نەوت رابگرن و دەست بخەنە بینی دەوڵەتە گەورەکانەوە، بەڵام ئەی ئەگەر پێنج هەزار لەم فرۆکانە ئامادەبێت، ئەو کاتە چی؟

لە غەفڵەتدا گورزی خۆی دەوەشێنێت، یەکێکە لە کاریگەرترین چەکەکانی سەردەمی نوێ، رادارەکان با ئاسانی نایناسنەوە.

درۆنە ئێرانییەکان لە چەندین کونجی جیهان ئاگری شەڕیان گەرم کردووە، هاوکێشەی جەنگی لە بەرژەوەندی میلیشیاکان گۆڕیوە و گەورەترین دەوڵەتەکانی جیهان حیسابی بۆ دەکەن، بەڵام سکانداڵەکە ئەوەیە، کە دەوترێ بە ئەگەرێکی بەهێز ئەمریکا دەستی هەیە لە دروستکردنی ئەم درۆنانەن و بە ناڕاستەوخۆ کۆمەکی ئێران دەکات.

ناو و ناوبانگی فرۆکە بێفرۆکەوانییە ئێرانییەکان زیاتر لەشەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا قەبە بوو، چونکە دەوڵەتێکی زلهێزی وەک روسیا بەو چەک و جبەخانە زۆرەوە، پەنای بۆ چەکێکی ئێرانی برد تا گورز لە ئۆکرانییەکان بوەشێنێت، بەڵام لەمەوبەریش عەرەبستانی سعودییە بووە قوربانی هەرە گەورەی دەست ئەم درۆنانە.

لە دیسەمبەری ساڵی 2019 گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی سعودییە رووبەرووی هێرشی درۆن و موشەکی بووەوە، بە هۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نیوە دابەزی، دواتر دەرکەوت هەژدە درۆنی ئێرانی لەم هێرشانەدا بەکارهاتووە.

سعودیە خاوەنی سیستمی پاتریۆتی ئەمریکییە بۆ رێگرتن لە هێرشی فڕۆکە و موشەک، بەڵام لەو هێرشە حەڤدە خولەکییەدا سیستمەکە هیچی پێنەکرا.

زۆربەی سەرچاوەکان دەڵێن پرۆگرامی درۆنی ئێران لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە سەردەمی شەڕی عێراق ئێران دەستی پێکردووە، ئەوکات ئێران فرۆکەی بێ فرۆکەوانی (ئەبابەیل)ی بەرهەمهێناوە، بەڵام تواناکانی زۆر سادە بوون.

ئێستا ئێران سەدانی لەم فڕۆکانە هەیە، دیارترین جۆرەکانی بریتین لە: شاهد 126، شاهد 136، شاهد 149 غەزە، شاهد 171، شاهد 191، كامان 22، کیان 2 و ئاراش 2، مهاجر 6 قدس.

ئەم درۆنانە ئەرکی جیاوازیان پێ سپێردراوە لە نێوان کاری هەواڵگری و چاودێری و هێرشبردن و خۆکوژی، لەناو ئەماندا شاهد 136 و ئاراش 2 لە مەترسیدارترین جۆرەکانن، چونکە فرۆکەی کامیکازی خۆکوژیین و خۆیان دەتەقێنێنەوە بە ئامانجەکانیدا.

فرۆکە ئێرانییەکان لە زۆر وڵاتی دنیا کەوتوونەتە دەست گروپە چەکدارەکان و گورزیان وەشاندووە، لە عێراق و لوبنان و سوریا و یەمەن و ئۆکرانیا و لە زۆر شوێنی تریش، تەنانەت دژی هەرێمی کوردستانیش بەکارهاتووە.

هەندێ لە میدیا ئەمەریکییەکانیش تازە پەردە لەسەر ئەو نهێنییە لادەبەن کە بۆ دروستکردنی درۆنە ئێرانییەکان سوود لە توانای کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەرگیراوە.

ساڵی پار چەند لێکۆڵەرێکی ئۆکرانی رایانگەیاند نموونەیەکی درۆنی مهاجر6 یان دەستکەتووە کە بۆ ئاڕاستەکردنی سوود لە تەکنەلۆژیای کۆمپانیایەکی ئەمریکی وەرگیراوە بە ناوی (تەکساس ئینستۆمێنت)، ئەوکات لایەنی ئەمریکی زانیارییەکانی رەتکردەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە نوێیەکان دەڵێن ئەوە یەکلابووەتەوە کە پارچەی ئەمریکی و هاوکاری ئەمریکی لەو درۆنانەدا هەیە.

هەندێ سەرچاوە بە دووری نازانن دەزگای هەواڵگری ئەمریکی دەستی لە پرۆسەکەدا هەبێت، بەڵام سەرچاوەی تر هەن دەڵێن ئێران بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو پارچانەی دەست کەوتووە.

درۆنی خۆکوژی شاهد 136 کە هەرە مەترسیدارترین جۆرەکەیە، بۆ بزوێنەرەکەی بە تەواوی پشتی بەستووە بە تەکنەلۆژیای کۆمپانیای (لیمباخ)ی ئەڵمانی، گومانی گەورە ئەوەیە دەوڵەتان ژێر بەژێر هاوکاری ئێران بکەن بەتایبەت کە پێشتر ئەزموونی لەو جۆرە هەبووە، هەرچەندە سەرچاوە ئەڵمانییەکان دەڵێن ئێران بە نایاسایی دەستی بەو تەکنەلۆژیایە گەیشتووەو ئەندازیارێکی ئێرانی دروستی کردووەتەوە.