بڕیاری نوێ دەرچووە

بۆ وەرگرتنی بەنزین کەس ناتوانێت کۆبۆنی یەکێکی دیکە بەکاربێنێت

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

بەشی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی موسڵ بڕیارێکی نوێی بۆ ئەو بەنزینخانانەی سەر بە لقی موسڵن دەرکردووە، لەمەوبەدوا هیچ کەسێک ناتوانێت بۆ وەرگرتنی بەنزین کۆبۆنی ئۆتۆمبێڵێکی دیکە بەکاربێنێت.

راکان ئەنوەر بەڕێوبەری بەنزینخانەی مەهەت لقی موسڵ بە 964ی وت، بڕیارەکە رۆژی 19.8.2023 دەرچووە، بەپێی بڕیارە نوێیەکە بەتوندترین شێوە دەبێت چاودێری ئەو پرۆسەیە بکرێت، تا دڵنیا ببنەوە کە کۆبۆنەکە هی ئۆتۆمبێڵەکەیە.

بەڕێوبەری بەنزینخانەی مەهەت ئەوەشی وت، “ئێستا بەهیچ شێوەیەک بەنزین بەو ئۆتۆمبێڵانە نادرێت کە کۆبۆنی ئۆتۆمبێڵی دیکە بەکاردێنن، ئەو بڕیارە قەرەباڵغی کەمکردووەتەوە و تانکەرێک بەشی دوو رۆژ دەکات لە کاتێکدا پێشتر بەشی دوو یەک رۆژی دەکرد”.

کارمەندێکی لقی موسڵی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ 964 وتی، بڕیارەکە فەرمییە و لەسەر هەموو بەنزینخانەکانی لقی موسڵ جێبەجێدەکرێت، بەپێچەوانەوە بەنزینخانەکە سزا دەدرێت.

لەبەنزیخانە حکومییەکانی عێراق دوو رۆژ جارێک 40 لیتر بەنزین دەردرێتە هەر ئۆتۆمبێڵێک، لیتری بە 450 دینار.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی