لە دەربەندیخان رێکارەکانی مەلەکردن توند کرایەوە
964+
توانا نەقی
بەهۆی مەترسی رووداوەکانی خنکان لە قەزای دەربەندیخان رێنمایی و تابلۆ و رێکار لەو جێگایەنە دەگرنە بەر کە هاوڵاتیان مەلەی لێ دەکەن.
قایمقامیەتی قەزاکە و پۆلیس و گەشتوگوزار هەڵدەستن بە دانانی تابلۆی ئاگادار کردنەوە بە زمانەکانی ئینگلیزی عەرەبی کوردی لە بەنداوی دێوانە، بەردەم شەلالەکان، گۆمی سابیر، کۆڕنیشی دەربەندیخان و پردی ژاڵەناو.
هەروەها رێنمایی گەشتوگوزار دەرکرا بۆ بۆ ئەو بەلەمانەی بەمەبەستی گواستنەوەی گەشتیاران بەکاردەهێنرێت و دەبێت مۆڵەتیان هەبێت.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، لە پێناو سەلامەتی هاوڵاتیان ئەو بڕیارانەیان دەرکردووە و دەبێت هاوڵاتیانیش پابەندی ئەو تابلۆ و رێنمایانە بن کە دادەنرێت.
وتیشی، جگە لە دانانی تابلۆ لە جێگاکانی مەلەکردن لەسەر ئەرکی قایمقامیەت سیم لە سەر پردی ژاڵەناو دادەنرێت چونکە ماوەیەکە هاوڵاتیان فێر بوون لەسەر پردەکەوە خۆیان هەڵدەدەن چیتر ناتوانن ئەو کارە بکەن.
سەبارەت بە بەلەمە گەشتیارییەکان دەبێت مواسەفاتی دیاریکراو بێت بە پێی ئاوەکە و هێلەکی سەلامەتی تیادا بێت و بزانرێت بەلەمی پلاستیک یان تەختە یان فایبەر لەگەڵ خێراییەکەی بەکاردەهێنرێت.
لەماوەی ئەمساڵدا دوو رووداوی خنکان لە دەربەندیخان روویداوە و یەکێکیان لە چەند رۆژی رابردوو لە بەنداوی دێوانەبوو گەنجێک لەکاتی مەلەکردندا خنکا.